لە هەولێرەوە
یەکەم گەشتی فەرمی کۆمپانیای فلای ئەربیل بۆ بەغدا دەستیپێکرد
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی یەکەم گەشتی کۆمپانیای فلای ئەربیل لە هەولێرەوە بۆ بەغدا دەستپێکرد و کۆمپانیاکە بڕوانامەیەکی بەدەستهێناوە و ئێستا دەتوانێت سەربەخۆ گەشت ئەنجام بدات.
ئومێد خۆشناو دەڵێت، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت “کۆمپانیاکە بڕوانامەی فەرمی مۆڵەتی کارکردنی فڕۆکەوانی (AOC) لەلایەن دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقەوە بەدەستهێنا و بەمەش توانی لە قۆناغی کارکردن لەژێر ناوی کۆمپانیاکانی دیکەوە بگوازرێتەوە بۆ کارکردن وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆی فڕۆکەوانی.”
دەستپێکی گەشتەکە لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستەوەی هەرێم، د. محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، هێمن قادر جێگری پارێزگار و گەیلان سەعید سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و کۆمەڵیکی دیکە لە بەرپرسانی حکومی و کەسایەتی دیار بەڕێوەچوو.
پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئەوەی ئەو بڕوانامەیەی کۆمپانیای فلای ئەربیل بەدەستیهێناوە ئاماژەی بەوە کرد، “رۆڵێکی بەرچاو لە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و فراوانکردنی هێڵەکانی گەشت و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ شار و وڵاتانی جیهاندا دەگێڕێت.”