"نزیکەی 150 کانی و ئاوێکی زۆرمان هەیە"
هەناری گوندی کوڵکنی؛ هەر بە سەیرکردنی دەمت پڕدەبێ لەئاو
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
یەکێک لەو هەنارە بەتام و نایابانەی لە فێستیڤاڵەکەی هەڵەبجە سوور دەکاتەوە، هەناری گوندی کوڵکنییە کە هەر بە سەیرکردنی دەمت پڕدەبێ لەئاو.
ئەبوبەکر موسا باخەوانێکی گەنجی گوندی کوڵکنییە و لە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە هەنارەکانی رازاندووەتەوە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “نزیکەی 150 کانی و ئاوێکی زۆرمان هەیە و گوندەکەشمان عەرزێکی بەپیتی هەیە و هەر بەوەش بەناوبانگە کە خاکەکەی بۆ هەموو بەرووبوومێکی کشتوکاڵی بەکەڵک دێ”.
“هەناری ساڵەخانی کوڵکنی ناوەکەکەی کاڵە و تامێکی یەکجار خۆشی هەیە و یەکسەر دەمت پڕ دەبێ لە ئاو”، ئەبوبەکر موسا وادەڵێت.
جگە لە هەنار گۆیژ و ئاوهەناریش دەفرۆشێت و تاجەگوڵینەش بە لقی هەنارەکان دروست دەکات و خەڵک وێنەیان لەگەڵدا دەگرن.
ئەو باخەوانە لە بازاڕی ئەمساڵ رازی نییە و بە گاڵتەوە دەڵێت، “یەکێک وتوویەتی بەم فێستیڤاڵە بەتەمام ژن بۆ براکانم بێنم، پێم وتووە، بابە بەمە چۆن ژن دێ، تازە دەیخەینە ساڵێکی تر”.
چوار رۆژە 12ـیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ کۆتا رۆژیەتی.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری