قوتابخانەى بڵند
قوتابیان؛ لە حەوشەى قوتابخانە نانى بەیانیان خوارد
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ئەم بەیانییە، مامۆستایانى قوتابخانەى بڵند لە کەشوهەوایەکى پایزەدا وانەیەکى پەروەردەییان هێنایە حەوشەى قوتابخانەکەیان و بە رازاندنەوەى سفرە و خوانى بەیانى، هەم ژەمێکى نایابیان پێشکەش کردن و هەم وانەیەکى باشى قوتابییەکانیان دا کە دەبێت نانى بەیانى بخۆن.
مامۆستا سیروان عومەر کە بەڕێوەبەرى قوتابخانەى بڵندە لە شارى سلێمانى، بە 964ـى وت،”ئامانجمان لەو کارە ئەوەیە کە قوتابیان فێرى نانخواردنى بەیانى ببن، چونکە زۆرێک لە قوتابیان لە ماڵەوە نان ناخۆن، بەڵام هەر کە هاتن بۆ مەکتەب پەلامارى پسکیت یان جبزێک دەدەن کە ئەوەش تەندروست نییە”.
وەک باسى دەکات، فێرکردنى منداڵان بۆ خواردنى نانى بەیانى وانەیەکى گرنگە، چونکە قوتابین کە لە بەیانییەوە دێن نابێت تا درەنگانێک بە برسێتى بمێننەوە.
داواشى کرد دایک و باوکان منداڵەکانیان بەبێ خواردنى نانى بەیانى نەنێرن بۆ قوتابخانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح