لە سۆران
مامۆستایەک بە ئاماژە و لوتفە شیرنەکەی سەرەنجی شۆفێرانی بۆخۆی راکێشاوە
ئاکام غەفور – سۆران
بە ئاماژە و لوتفە شیرنەکەی سەرەنجی شۆفێرانی بۆخۆی راکێشاوە، بەیانیان زوو قوتابیان لە رێگایەکی جەنجاڵ دەپەڕێنێتەوە، پارێزگاری لە گیانی قوتابیان دەکات و ناهێڵێت قەرەباڵغیش لە رێگاکە دروست بێت، ئەم بووە بە پێشەی رۆژەنای مامۆستایەک.
مامۆستا هاوکار خورشید، 13 ساڵە لە قوتابخانەی کۆڕەکی ناحکومی شاری سۆران، بەیانیان زوو لەسەر رێگا وەستاوە، بە جوڵەی زۆرەکەیی و دڵسۆزی بۆ کارەکەی هەرچی شۆفێری سۆرانە دەیناسێت و هەر کە دەستی ئەویان بینی ئیتر بەبێ یەک و دوو دەوەستن تاکو قوتابیان دەپەڕنەوە.
ئەو مامۆستایە دەڵێت، باران بێت بەفر بێت من بەیانیان زوو لێرە وەستاوم و زۆر دڵخۆشم بە کارەکەم، شۆفێرانیش زۆر رێزم دەگرن”.
رێگاکە جەنجاڵە و بەیانیان هاتوچۆی زۆری لەسەرە، ئیتر دوریش نابێت لە کێشەی ئەو شۆفێرانەی بەیانی زوو خەو بەری نەداون و دەڵێت، جارێک شۆفێرێک بە دەست و قاچ قسەی پێ دەگوتم لە ناو سەیارەکەی منیش پێکەنیم و سڵاوم بۆ کرد و ماچێکم بۆ هەڵدا، شۆفێرەکە دوای پێنج خولەکە هاتەوە داوای لێبوردنی کرد کە کاردانەوەی منی بینی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی