فەرهاد شامی، بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات
"با کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەکە پشتگوێ نەخات"
فەرهاد شامی: خۆپیشاندانەکانی حەسەکە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی توندڕەوییان لێدەکرێ
ئەحمەد مستەفا
فەرهاد شامی، وتەبێژی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک “هەسەدە”، هۆشداریی لە مەترسییەکانی ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی شاری حەسەکە دا و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ناوچەکە پشتگوێ نەخات.
شامی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، ئەو دۆخەی ئێستا لە حەسەکە هەیە، لەگەڵ پاشەکشەی گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی و گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانان، مەترسییەکی جدی بۆ ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات.
بەپێی وتەکانی، ئەو دیمەنانەی تێیدا هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی دیمەشق پاراستنیان بۆ خۆپیشاندانێکی گوماناوی دابین کردووە، بیرەوەرییە تاڵەکانی سەردەمی داعش دەهێننەوە یاد.
شامی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە کورد، مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی تری ناوچەکە رووبەڕووی هەڕەشەی جدی دەبنەوە و پێویستیان بە دەستێوەردانی بەپەلەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە.
لە کۆتاییدا، جەختی لە گرنگیی پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی کردەوە و هۆشداریی دا کە بەهێزبوونەوەی توندڕەوی دەتوانێت دەستکەوتەکانی 10 ساڵی رابردوو بخاتە مەترسییەوە.