لیژنەکانیان دەگەڕێن

قایمقامیەتی سلێمانی: گرانفرۆشی بکەن و نرخ بەرزبکەنەوە سزا دەدرێن

شۆڕش قادری

قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، رێگە بە بەرزکردنەوەی نرخ نادەن و هەر شوێنێک گرانفرۆشی بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

قایمقامیەتی سلێمانی چەند وێنەیەکی گەڕانی لیژنەکانی بەناو کۆگا و شوێنە بازرگانییەکان داناوە و نووسیویەتی، بە ئامانجی رێگریکردن لە بەرزکردنەوەی نرخ و ناجێگیری بازاڕ، لیژنە هاوبەشەکانیان سەردانی کۆگاکانی خواردنیان کرد لە ناوچەی هوانە و لە نزیکەوە بەدواداچونیان بۆ نرخ و کوالیتی خواردن و پێداویستیەکان کرد.

بابان ئەحمەد سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، لەدوای بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان تووشی جۆرێک لە ترس و نیگەرانی بوون لەسەر نرخەکان، بەڵام هاوڵاتیان  دڵنیا دەکەنەوە رێگە بەزیادکردنی نرخەکان نادەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەکۆگاکانی عەمبارکردنی خوارن و نێوبازاڕ بەوردی چاودێری نرخەکان دەکەن و رێگە بەهیچ جۆرە سەرپێچییەک نادەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر بازرگان و کاسبکارێک نرخ لەسەر هاوڵاتیان زیاد بکات رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکەنەوە، دەشڵێت لیژنە تایبەتمەندەکانیان بەردەوام سەردانی کۆگا و نێوبازاڕ و مارکێتەکان دەکەن و هەر شوێنێک پابەند نەبێت سزا دەدرێت.