چوار تۆن هەنار و 200 کیلۆ هەنجیری گرتووە
حەوشەی قوتابخانەیەک لە سەیدسادق بووەتە باخێکی میوە
بڕوا مەجید – سەیدسادق
حەوشەی قوتابخانەیەک لە سەیدسادق بووەتە باخێکی میوە و چوار تۆن هەنار و 200 کیلۆ هەنجیری گرتووە کە هەر بەلێو دەخورێن.
مامۆستایانی قوتابخانەی شەم لە قەزای سەیدسادق، حەوشەی قوتابخانەکەیان کردووە بە باخێکی بەرداری میوە و چەندساڵێکە بەرهەمەکەی دەڕنن، ئەمەش لە کاتێکدایە قوتابخانەکە باخەوانی نییە و لەسەر ئەرکی خۆیان ئاویان بۆ باخەکە دابین کردووە.
شاخەوان والی مامۆستا لە قوتابخانەی شەم بە 964ـی وت، “حەوشەی قوتابخانەکەمان کردووە بە باخی هەنار، هەنجیر و زەیتون، ئەمساڵ بەرهەمی باخەکە چوار تۆن هەنار بووە و بە 750 هەزار دینار فرۆشتوومانە، هەروەها 200 کیلۆ بەرهەمی هەنجیریشمان هەبووە و داومانە بە 115 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشکرد، دار زەیتوونەکانیش بەریان گرتووە و ئەگەر موشتەری هەبێ بەرەکەی دەفرۆشن و دواتر لەڕێی لیژنەی قوتابخانەکەوە پارەکان لە قوتابخانەکەدا خەرج دەکەنەوە.
“قوتابخانەکەمان باخەوانی نییە و کێشەی بێ ئاویشمان هەبووە، بەڵام نزیکەی نۆ ساڵە خۆم و بەشێک لە مامۆستایان لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە کاتی پشووەکاندا خزمەتی باخەکە دەکەین، لە دووری 800 مەترەوە ئاومان بۆ هێناوە بۆ ئەوەی وشک نەبێت”، شاخەوان والی وای وت.