بۆ یەکەم جارە لە کوردستان و عێراق شتی وادەکرێت

لە نەخۆشخانەی رزگاری را‌هێنان لەسەر کەلـلەسەری مرۆڤ دەکەن

شۆڕش قادری

بۆ یەکەمین جار لە کوردستان و عێراق راهێنانی پزیشکانی قوڕگ و لووت و گوێ لەسەر کەلـلەسەری مرۆڤی راستی کرا.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر چەند وێنەیەکی کاتی راهێنانەکانی داناوە و نووسیویەتی، “ئەو سەرەی کە لەم راهێنانەدا بەکاردێن سەری مرۆڤی راستینن و لە ئەمریکا کڕدراون، پاش پشتڕاستکردنەوە و پشکنینی پزیشکی و تەندروستی بە شێوەیەکی پاک و ستاندارد، بۆ مەبەستی فێرکاری ئامادە کراون”.

ئەم کەلـلەسەرانەی مرۆڤ بۆ یەکەم جارە لە کوردستان و عێراق و دووەم جاریشە لە نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری هەولێر بۆ مەشق و راهێنانی پزیشکانی تازەی بەشی گوێ و لووت و قورگ (ENT) بەکاردێن.

ئامانجی ئەو راهێنانە بەرزکردنەوەی توانای زانستی و کرداری پزیشکان و پەرەپێدانی شارەزاییانە لە کارکردنی ئەمجارە لەسەر لیکە رژێنەکانی مرۆڤ و شێوازەکانی پەیوەندیدار بە نەشتەرگەرییە تایبەتەکان.

وەک کاربەدەستانی نەخۆشخانەی رزگاری دەڵێن، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدان و نوێکردنەوەی سیستەمی فێرکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای پزیشکی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی پزیشکی نوێتر و باوەڕپێکراوتر بۆ هاوڵاتیان.