دەست بەسەر بڕێک گۆشتی ناتەندروستدا لە تانجەرۆ گیرا

964+

پەری ساڵح

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی سلێمانی، لە ناوچەی تانجەرۆ دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر گۆشتی ناتەندروستدا گرت کە لە شوێنێکی رێگەیێنەدراودا بەرهەم هێنرابوو.

بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئاژەڵەکان لە دەرەوەی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان و بە شێوازێکی نایاسایی سەربڕدراون، خاوەنەکەشی بەنیاز بووە گۆشتەکە لە بازارەکانی شاردا ساغ بکاتەوە.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەجێ تەواوی بڕە گۆشتەکە دەستی بەسەردا گیراوە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی کراوە، هەروەها خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردووشدا لە نزیک گەڕەکی سەرچنار دەست بەسەر بڕێکی دیکەی گۆشتی ناتەندروستدا گیرابوو، قایمقامیەتی سلێمانیش جەخت دەکاتەوە لە بەردەوامیی بەدواداچوونەکانیان لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتیدا.