"پارەی کۆگاکەشیان بردووە و بەڵێنیان پێداین سزای توند بدرێن"

کاربەدەستانی کەرکوک و کەسوکاری دوو مێردمنداڵەکە لەگەڵ نوێنەرانی زەیدی دانیشتن

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ دەڵێت، داوایانکردووە کەمتەرخەمەکانی رووداوەکەی پردێ سزابدرێن و دوو مێردمنداڵەکەش بە شەهید حیساب بکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30.9.2026 شاندێکی باڵای ئەمنی لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتنە کەرکوک و لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسێۆنەکان و کاربەدەستانی کەرکوک و پردێ و کەسوکاری دوو مێردمنداڵەکە، موراد زانا و محەمەد هێمن دانیشتن.

دوای کۆبوونەوەکە عەبدول موتەلیب بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ بە 964ـی وت، “باسی ئەوەمان کرد کە ئەو کارەی دژەتیرۆری عێراق کردوویەتی، بەبێ ئاگاداری ئێمە و بەدەر لە یاسا ئەنجام دراوە و داوامان کردووە کەمتەرخەمەکان سزا بدرێن، هەردوو مێردمنداڵەکەش بە شەهید حیساب بکرێن و مافیان نەفەوتێ”.

حەکیم رەحمان مامی محەمەد هێمن دەڵێت، “پێیان وتین کە سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی لەسەر خەتە و بەڵێنیان پێداین لێکۆڵینەوەی جددی بکەن و بەزووترین کات، تۆمەتباران سزای توند بدرێن”.

“جێگری سەرۆک وەزیران راستەوخۆ لەگەڵ کەسێکی ئێمە قسەی کرد و وتی، حیسابکە رۆڵەی ئێمەیە کوژراوە”، حەکیم رەحمان وای وت.

باسی لەوەش کرد، لە رۆژی رووداوەکەدا، پارەی خاوەن کۆگاکە براوە و ئەوەشیان بە لیژنەکە وتووە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 27.9.2026 دژەتیرۆری عێراق لەکاتی راوەدوونانی چەکدارانی داعش، بەهەڵە دوو مێردمنداڵیان بەناوەکانی موراد زانا و محەمەد هێمن لەناو مارکێتێک لە پردێ کوشت کە تەمەنیان 14 بۆ 15 ساڵ دەبوو.

محەمەد هێمن کوڕی خاوەن مارکێتەکە بوو و لە رۆژی رووداوەکەوە بێسەروشوێن بوو، دوێنێ سێشەممە 289.9.2026 دوای دوو رۆژ دەرکەوت کە لەلایەن دژەتیرۆری عێراقەوە بە هەڵە بەتیرۆریست لەقەڵەم دراوە و کوژراوە.

ئەو رووداوە دەنگدانەوەی گەورەی لە شەقامی کوردی و عێراقیدا دروستکرد و حکومەتی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆلێنەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری