هەر شەش شارەوانییەکە دەگرێتەوە

تابلۆ و ریکلامە بازرگانییە نایاساییەکان لە شەقامەکانی هەولێر لادەبرێن

ئەحمەد مستەفا

کارمەندەکانی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ رێکخستنەوەی شەقامەکانی شار دەستپێکردووە، وەک دەڵێن، بۆ پاراستنی سیمای شار و بایەخدان بە ژینگە و جوانییەکانی هەولێرە.

ئەمڕۆ شەممە 26.9.2026، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی چوار، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، دەستیان بە لابردنی تابلۆ و ریکلامە بازرگانییە نایاساییەکان کردووە کە لەسەر شەقامی سەرەکی کۆیە ـ کەسنەزان هەڵواسراون.

بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی رێگریکردن لە شێواندنی دیمەنی شار و رێکخستنەوەی رووکاری شەقامە گشتییەکان ئەنجام دەدرێت.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێ، هەڵمەتەکە لە رێگەی هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەکەی شارەوانی بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی شەقامەکان بە شێوەیەکی رێکخراوتر و جوانتر بپارێزرێن.