لە قوتابخانەى ئامادەیى
بە تاپڕ هێرشکراوەتە سەر قوتابخانەیەکى تورکیا و 8 کەس بریندارن
وریا فەتاح
لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە قەزای تورگوتلوی سەر بە پارێزگای مانیسا لە رۆژئاوای تورکیا، 8 کەس بریندار بوون و هێرشبەرەکەش دەستگیرکرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای مانیسا، کاتژمێر 08:00ـی بەیانی ئەمڕۆ کەسێکی نەناسراو لە بەردەم ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکی (ئینجی ئوزمەز) تەقەی بەڕووی دەوروبەرەکەیدا کردووە.
ئاژانسی هەواڵی DHAـی تورکی بڵاویکردەوە، هێرشەکە بە چەکی تاپڕ (چەکی راو) ئەنجامدراوە و لە سەرەتادا هێرشبەرەکە بە پێ لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە. بەڵام دواتر پارێزگای مانیسا لە راگەیەندراوێکی دیکەدا پشتڕاستی کردەوە کە “کەسی گومانلێکراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.”
تا ئێستا پاڵنەری پشت هێرشەکە و دۆخی تەندروستیی بریندارەکان بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ئەمبوڵانس رەوانەی ناو حەوشەی قوتابخانەکە کراون.
ئەم ڕووداوە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە وەزیرانی ناوخۆ و پەروەردەی تورکیا رێککەوتنێکی نوێیان بۆ “پاراستنی ئاسایشی قوتابخانەکان” واژۆ کرد. لە رێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا، هەردوو وەزیر جەختیان لەوە کردەوە کە دوای کوژرانی 10 قوتابی و مامۆستا لە ساڵی رابردوودا بەهۆی هێرشی چەکدارییەوە، رێکارە ئەمنییەکانیان لە تەواوی قوتابخانەکانی وڵاتەکەدا توندوتۆڵتر کردووە.