محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران – وێنە ئەرشیف
قالیباف:
“هێرشەکانمان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەستپێکی کارە”
شۆڕش قادری
قالیباف دەڵێت، هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا دەستپێکی کارە و بۆ لەمەوبەدوا زۆر توندتر و قورستر لێیان دەدەن.
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وتارێکدا لە ناو هۆڵی پەرلەمان رایگەیاند، “بەدڵنیاییەوە ئەمریکییەکان تێگەیشتوون کە سەردەمی وەڵامی گونجاو کۆتایی هاتووە و هێرشەکانی ئەم دواییەمان بۆ سەر بنکەکانیان، تازە دەستپێکی کارە، ئەگەر تاوەکو ئەمڕۆش تێنەگەیشتوون، تا درەنگ نەبوو بزانن کە یاسای یارییەکە گۆڕاوە و بۆ لەمەوبەدوا، هەرجۆرە دەستدرێژییەک بکەنە سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران، وەڵامێکی خێرا، قورس و بەئازارتر وەردەگرنەوە”.
چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن سەریهەڵداوەتەوە، ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێرشیان کردووەتەسەر دوو کەشتی جەنگی ئەمریکا و بەلەمێکی بێ سەرنشینی ئەو وڵاتە لە گەرووی هورمز، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا، سێ کەشتی نەوتهەڵگری سوپای پاسدارانیان بە ئامانج گرتووە.