کۆرۆنا مەیمونی لە کوردستان نەهێشت

نرخیان بەرز بووەتەوە

میدیازان – شۆڕش عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

+ وێنە

بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە کوردستان و ترس لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، هاوردەکردنی مەیمونی نزیک دەکاتەوە لە سفڕ.

هەردی یاسین، فرۆشیارێكی ئاژه‌ڵە ماڵییەکانە لە بازاڕی فرۆشتنی ئاژەڵە ماڵییەکان لە هەولێر بۆ میدیازان ئاشکرای دەکات بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناو ترس لەوەی ئەو ئاژەڵە ڤایرۆسی کۆرۆنا بگوازێتەوە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژماره‌ی مەیمون له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان.

دەرکەوتن و فرۆشتنی مەیمون وەک ئاژەڵێکی ماڵی لە بازاڕەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دوای ئازادی عێراق و کرانەوەی سنوورەکان و، هەروەها خواستی خەڵک لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵی ماڵی.

هەردی یاسین، کە ساڵانێکی زۆرە دوکانی لەبازاڕی ئاژەڵە ماڵییەکانی هوەلێر هەیە کە دەکەوێتە سەر پردی سەیداوە لەسەر شەقامی بازنەیی ٣٠ مەتری، باسی لەوەکرد کە پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا هەفتانە دوو بۆ سێ مەیموونیان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا مانگانە دوو دانە دەفرۆشین، ئەمەش وایکردووە نرخیان بەرزبووه‌تەوە”.

میدیازان ده‌زانێت، رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چن، یه‌كێكیش له‌وان مه‌یموونه‌، رێككه‌وتنه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ نابێت بازرگانی به‌م ئاژه‌ڵانه‌وه‌ بكرێت.

رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چن،

به‌ گوته‌ی ئه‌و فرۆشیاره‌، مەیمونی مالی، کە باوترین و خوازراوترین جۆری مەیمونە لە بازاڕەکانی کوردستان، لە هیندستان یان عەرەبستانی سعودیەو باشووری عێراقەوە دەهێنرێنە کوردستان، پێشتر نرخیان لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخیان لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ دۆلارە دایە.

زیاتر وتی “کڕیاری ئەو مەیمونانە زیاتر لای منداڵان خواستی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی هیچ زیانێکی لەناو ماڵدا نیەو شت ناشکێنێت”.

دکتۆر بەختیار خالید، بەرپرسی رێکخراوی ئاژەڵانی بێلانە، ئەو مەیمون و ئاژەڵانەی لە کوردستان هەن، زۆرینەیان بەڕێگه‌ی قاچاخه‌وه‌ دێت‌، ته‌نیا ئه‌وانه‌ی بۆ باخچه‌كانی ئاژه‌ڵان نەبێت کە فه‌رمییه‌ و فۆڕمی زانیاری و تۆماری تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌.

له‌ هەرێمی کوردستان، چەندان جۆری ئاژەڵ و باڵندە بوونیان هه‌یه‌، هەندێکیان بە سروشتی لێره‌ن و هی ژینگەی کوردستان و هەندێکیشیان له‌ڕێگه‌ی بازرگانی و خواستی خەڵکەوە هێنراون.