سود لەیەکترى وەردەگرن

هەڵەبجە دەبێتە ‘دەستەخوشک’ـی شارێکی بەریتانی

964+

وریا فەتاح

شاری هەڵەبجە بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە ‘دەستەخوشک’ـی شاری پۆرتسمۆسی بەریتانیا، ئەمەش دەرگایەکی گەورە بۆ پارێزگا نوێیەکەی هەرێم دەکاتەوە تاوەکو لە چەندین سێکتەری گرنگدا سوود لە ئەزموونی ئینگلیزەکان وەربگرێت.

بیرۆکەی ئەم پڕۆژە مێژووییە لەلایەن رێکخراوی “ماڵی کوردی لە پۆرتسمۆس”ـەوە پێشنیار کراوە. وەک ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی یادگاری هەڵەبجە بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەکە دەستبەجێ لەلایەن پارێزگاری هەڵەبجە و سەرۆکی شارەوانیی پۆرتسمۆسەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و پەسەند کراوە.

هەنگاوەکان تەنیا لە قسەدا نەماونەتەوە، لە یەکەم دانیشتنی نێوان ماڵی کوردی و نوێنەرانی شارەوانیی پۆرتسمۆسدا، بە فەرمی داواکاریی پڕۆژەکە و رەشنووسی لێکتێگەیشتنەکە دراوەتە شارەوانیی شارە بەریتانییەکە.

بۆ بەکردەییکردنی ئەم هەنگاوە، بڕیارە رۆژی (10ـی ئەیلوولی 2026) ئەنجومەنی شارەوانیی پۆرتسمۆس بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ماڵی کوردی، کۆبوونەوەیەکی فەرمی و تایبەت رێکبخات، بۆ ئەوەی گفتوگۆی کۆتایی لەسەر گرنگی و سوودەکانی ئەم بە یەکگەیشتنەی هەردوو شارەکە بکەن.

سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، واتا تۆمارکردنی ریکۆردێکی نوێ بۆ هەڵەبجە، چونکە دەبێتە یەکەم پارێزگا لە کوردستان و تەواوی عێراق کە رێککەوتنی فەرمیی دەستەخوشکی لەگەڵ شارێکی بەریتانى واژۆ بکات.

ئەگەر رێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەڵەبجە دەتوانێت لە سێکتەرەکانی (ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا، تەندروستی، وەبەرهێنان و بازرگانی) راستەوخۆ سوود لە تواناکان و پشتیوانیی شاری پۆرتسمۆس وەربگرێت و هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێشەوە بنێت.