سەرنجی خستووەتە سەر شوێنەوارەکان

دەستەی گەشتوگوزار کار بۆ ئەوە دەکات قەڵای هەولێر بکاتە جێی سەرەنجی گەشتیارانی جیهان

فەرهاد حەسەن

دەستەی گەشتوگوزار هەرێم، سەرنجی خستووەتە سەر شوێنەوارەکان و بەقسەی سەرۆکی دەستەش کار بۆ ئەوە دەکەن قەڵای هەولێر بکەنە جێی سەرەنجی گەشتیارانی جیهان.

دەستەکە لە زمانی ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بڵاویکردووەتەوە، گەشتوگوزاری شوێنەواری یەکێکە لە جۆرە گرنگەکانی گەشتوگوزار و هەرێمی کوردستان خاوەن بنەمای بەهێزە لەم بوارە. تێڕوانینیان بۆ گەشەپێدانی گەشتوگوزار جەختکردنەوەیە لەسەر بەبازاڕکردنی شوێنەوارەکان وەک وەبەرهێنانێکی گەورەی گەشتوگوزاری.

دەڵێت “ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین قەڵای هەولێر و سەرجەم ناوچە مێژوویی و شوێنەوارییەکانی کوردستان ببنە وێستگەی سەرەکیی گەشتیارانی جیهان”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کوردستان، لە پاڵ سروشتە دڵرفێنەکەی، ئاسایش و میواندۆستیەکەی، خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندە؛ هەموو گۆشەیەک و کۆڵانێکی ئەم نیشتمانە چیرۆکێکی تایبەتی هەیە، بۆیە “تەواوی هەوڵەکانمان تەرخانکردووە بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە مێژووییانە بە هەموو جیهان بناسێنین”.

دەستەی گەشتوگوزار، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرنجی خستووەتە سەر بەهێزکردنی کەرتی گەشتوگوزاری مێژوویی و شوێنەواریی، تاوەکو هەموو گەشتیارێک ئەزموونێکی لەبیرنەکراوی کولتووری هەرێم بباتەوە.