لە سەڵاحەدین

21 تۆمەتبار دەستگیرکران کە سەرانەیان لە تانکەر وەرگرتووە

ئەحمەد مستەفا

تۆڕێکی پێکهاتوو لە 21 کەس لە سەڵاحەدین دەستگیرکران، کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە نزیک پاڵاوگەکانی بێجی و سینییە پارەیان لە خاوەن تانکەرەکان وەرگرتووە.

بەپێی راگەیاندنێکی دەستەکە، دوای گەیشتنی زانیارییەکان دەربارەی بوونی شوێنگەیەک کە تانکەرەکان لێی رادەوەستن و لە خاوەنەکانیان پارە وەردەگیرێت، دوو تیم لە نوسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە پارێزگای سەلاحەدین پێکهێنراون بۆ پشکنین و لێکۆڵینەوە.

تیمەکان سەردانی دەزگاکانی پەیوەندیداریان کردووە و دەرکەوتووە کە زانیارییەکان راستن و هیچ گرێبەستێکی فەرمی بۆ بەکارهێنانی ئەو زەویانە وەک شوێنی وەستانی تانکەرەکان نەکراوە.

لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک کەس لە هەر تانکەرێک بڕە پارەیەکیان بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی وەردەگرن، هەروەها، ئەگەر شۆفێر یان خاوەن تانکەرەکە پارەکەی نەدابا، رێگەیان پێ نەدەدا تانکەرەکە بچێتە ناو پاڵاوگەکەوە.

دەستەی دەستپاکی دەڵێ، دوو کەمینی ورد رێکخراوە لەو شوێنە نایاساییانەی قەزای بێجی و سینییە دانراوە، کە لە ئەنجامدا 21 تۆمەتبار لەو کەسانە دەستگیر کراون کە بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانە و کۆکردنەوەی پارەیان بەدەستەوە بووە.

لە هەمان کاتدا، لە ئەنجامی هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەدا بڕی 87 ملیۆن و 229 هەزار دیناری عێراقی دەستیبەسەر گیراوە، لەگەڵ ژمارەیەک مۆر، تۆمار و دەفتەری وەسڵ کە بۆ کۆکردنەوەی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی بەکارهاتوون.