بەهرەمەند ولێهاتوون
منداڵانی بەهرەمەندی کورد لە ئەکادیمیای ریاڵ مەدرید کۆبوونەتەوە
کاردۆست حسێن ـ هەولێر
ئەکادیمیای ریاڵ مەدرید پریەتی لە بەهرەمەندی کورد، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ بوون بە یاریزانی پیشەگەری تۆپی پێ، ئێستا بەهۆی بوونی ئەم ئەکادیمیایە لە هەولێر منداڵانی کوردیش هاوشێوەی منداڵانی وڵاتەکانی تر هەلی ئەوەیان هەیە خەونەکەیان بە دیبهێنن.
ئەمە جگە لەوەی دایک و باوکان لەم سەردەمە زۆر پاڵپشتی منداڵەکانیان ئەکەن بۆ ئەوەی پەرە بە بەهرەکانیان بدەن و خۆیان لە بوارەکەدا ببینەوە، بە تایبەتی لە تۆپی پێ کە پێشتر دایک و باوکان هێندە گرنگیان پێ نەئەدا.
ئارام بورهان کە تاکە کوردە لە تیمی راهێنەرە ئیسپانیەکان کە وەک یاریدەدەری راهێنەر لە ئەکادیمیاکە کار دەکات، زۆر دڵخۆشە بەوەی کە بەهرەمەندی زۆر هەن لە ئەکادیمیاکە و چاوڕێی داهاتوویەکی گەشیان لێدەکات.
هەروەها ئارام لەم کاتەدا بە 964ـی وت، خەڵکی کوردستان زۆر گرنگی بەم وەرزشە دەدەن، بەتایبەتی دایک و باوکان پشتگیری گەورەی منداڵەکانن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە رێژەی فێرخوازە کوردەکان %90ـە ئەو فێرخوازانەی لەم ئەکادیمیایە هەن لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێن و هاتوچۆ دەکەن، فێرخوازی تریش هەیە لە رۆژئاوا و گوندەکانی رۆژهەڵاتەوە دێتە هەولێر بۆ ئەکادیمیای ریاڵ مەدرید.
ئەوەی جێگای باسە لە ساڵی داهاتوو مانگی سێ لە ئیسپانیا تاقیکردنەوە ئەنجامدەدرێت و فێرخوازە کوردەکانیش لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەم رۆژە کە هەلێکی گەورەیە لە بەردەمیان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا