پارەی عێراقی جۆری 25 هەزار دیناری _ وێنە: 964
هەوڵێک هەیە بۆ کەمکردنەوەى موچەى پلە باڵاکان
لە عێراق دابەشکردنى موچە دەبێتە 45 رۆژ جارێک؟
وریا فەتاح
دەنگۆیەک بڵاوبووتەوە کە عێراق دابەشکردنى موچە دەکاتە 45 رۆژ جارێک، بەڵام لیژنەى یاسایى پەرلەمان ئەو دەنگۆیە رەت دەکەنەوە و دەڵێن: دواکەوتنی مووچە تەنها پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە.
رۆژنامەی “سەباح”ی فەرمی، ئەمڕۆ دووشەممە، بڵاویکردەوە کە جووڵەیەکی پەرلەمانی دەستیپێکردووە بۆ کەمکردنەوە و رێکخستنەوەی مووچەی بەرپرسە باڵاکان. محەممەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا لیژنەکەیان ئەو پێشنیازە بە فەرمی دەگرێتەخۆ.
خەفاجی پێی وایە چاکسازیی راستەقینە دەبێت لە سەرەوە بۆ خوارەوە بێت، واتە لە سەرۆکایەتییەکان و وەزیرەکانەوە دەستپێبکات تا دەگاتە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، پێش ئەوەی بگاتە فەرمانبەرانی ئاسایی، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیان.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە گوایە لەمەودوا مووچە لە عێراق هەر ٤٥ رۆژ جارێک دابەش دەکرێت، ئەو پەرلەمانتارە ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە. روونیکردەوە کە دواکەوتنی مووچە تەنها بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەی نەختینەییە، و فەرمانبەران لە ساڵێکدا مافی وەرگرتنی 12 مووچەیان هەیە و ئەو مافەیان بە هیچ شێوەیەک نافەوتێت.
ئەم روونکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز لە چەند وەزارەتێک دواکەوت، لەوانە وەزارەتی خوێندنی باڵا کە دوای زنجیرەیەک ناڕەزایەتی لە سەرتاسەری وڵات، هەفتەی رابردوو مووچەیان وەرگرت، لە کاتێکدا هێشتا بەشێک لە کارمەندانی وەزارەتی کارەبا چاوەڕێی مووچەکانیانن.
خەفاجی جەختی لەوە کردەوە کە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە داراییە، مەرج نییە یاسای نوێ دەربکرێت، بەڵکو دەبێت بەپەلە رێگری لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بکرێت، بەتایبەت لە تەندەر و پرۆسەکانی کڕیندا لە فەرمانگەکانی دەوڵەت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوە کرد کە جیاوازییەکی ئێجگار زۆر لە نێوان مووچەی کەم و زۆردا هەیە و پێویستە دادپەروەری تێدا بکرێت. بەڵام هۆشداریشیدا کە بەرزکردنەوەی مووچە کەمەکان و هێشتنەوەی مووچە باڵاکان وەک خۆیان، بارگرانییەکی گەورە لەسەر بودجە دروست دەکات، بۆیە دەبێت هاوسەنگییەک لە پێکهاتەی مووچەدا دروست بکرێت.