"دوو کەشتیشمان بە ئامانج گرتووە"

سێنتکۆم: ئاڕاستەی 30 کەشتیمان لە گەرووی هورمز گۆڕیوە

شۆڕش قادری

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئاڕاستەی 30 کەشتیان لە گەرووی هورمز و ئاوەکانی نزیک ئێران گۆڕیوە و دوو کەشتیشیان بەئامانج گرتووە.

سێنتکۆم لە دوا پۆستی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەی هەلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی ئەمریکای لە جۆری MH-60R Sea Hawk داناوە کە لەسەر کەشتیی جەنگی USS Michael Murphy (DDG 112) ئامادە دەکرێت و نووسیویەتی، “کەشتییەکە لە ناوچەکە دەڕوات بۆ پشتگیری لە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و تا 31ـی تەمووز، ئاڕاستەی 30 کەشتیمان گۆڕیوە، دوو کەشتیشمان بە ئامانج گرتووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئەمریکا رێگەی بە نزیکەی 30 کەشتی داوە بە رێڕەوە ئاوییەکاندا تێپەڕ ببەن بە ئامانجی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان.