لەچی کاتێک؟

ئێران بۆ حوسییەکان: خۆتان بۆ داخستن “باب المندب” ئامادە بکەن

ئەحمەد مستەفا

بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێران داوای لە چەکدارە حوسییەکانی یەمەن کردووە لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی گەرووی “باب المندب” دابخەن.

سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە گروپە چەکدارەکانی حوسی لە یەمەن کردووە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ داخستنی گەرووی ستراتیژیی “باب المندب” لە دەریای سوور.

ئەمەش لە ئەگەری هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ناوخۆی ئێران، ئاژانسەکە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئێرانی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوچەکە دەشڵێ، ئەم پێشنیازە لە ناو بازنەی سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا گفتوگۆی لەسەر کراوە.

پاشان بە فەرمی حوسییەکان لە یەمەن ئاگادار کراونەتەوە کە ئامادەباشی تەواو بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە، ئەگەر هاتوو گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن زیاتر تەشەنەی سەند و پەرەی سەند.

گەرووی “باب المندب” یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان، دەکەوێتە نێوان کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەفریقا، و دەریای سوور بە کەنداوی عەدەن و زەریای هیند دەبەستێتەوە.

یەکێکە لە گرنگترین شوێنەکان بۆ هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا، وە دەرگای چوونەژوورەوەی کەشتییەکانە بۆ ناو دەریای سوور.