بچوکترینى مۆندیال

لە مۆندیال مێژووى نوسییەوە؛ جیاوازى دهۆک و کۆراساو

وریا فەتاح

بیهێنە بەرچاوت، وڵاتێک کە ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شاری دهۆک، دوو ئەوەندەی تەواوی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بێت. کەچی لە مۆندیال مێژوو دەنووسێتەوە.
ئەمە خەیاڵ نییە، بەڵکو چیرۆکی دوورگەی “کۆراساو”ـە.

کۆراساو، وڵاتێکی دوورگەیییە و دەکەوێتە باشووری دەریای کاریبی، تەنیا 65 کیلۆمەتر لە باکووری ڤێنیزوێلاوە دوورە. ئەم وڵاتە رووبەرەکەی زۆر بچووکە، تەنیا 444 کیلۆمەتر دووجایە و دانیشتووانەکەی 158 هەزار کەسە.

لە رووی سیاسییەوە، کۆراساو قەوارەیەکی ئۆتۆنۆمیە لە چوارچێوەی شانشینی هۆڵەندادا. واتە حکومەتەکەی خۆی بەتەواوی کاروباری ناوخۆیی وڵات بەڕێوەدەبات، بەڵام کە دێتە سەر سوپا و سیاسەتی دەرەوە، ئەوە بەدەست هۆڵەندایە.

هۆڵەندا سەرچاوەی سەرەکیی پێشکەوتنی تۆپی پێی کۆراساوە. هەزاران کۆراساوی لە هۆڵەندا دەژین و هەر لەوێش پێگەیشتوون.

خاڵی وەرچەرخان لە ساڵی 2015 دەستی پێکرد، کاتێک ئەستێرەی ناسراوی هۆڵەندی “پاتریک کلایڤێرت” کە خۆی بە رەچەڵەک کۆراساوییە، بووە ڕاهێنەری ئەم وڵاتە. کلایڤێرت زۆربەی یاریزانە پیشەگەرەکانی قایل کرد کە بگەڕێنەوە و درێسی وڵاتی دایکیان بپۆشن..
بەمشێوەیە، بە پلانێکی ژیرانە و سوودوەرگرتن لە کوڕەکانی تاراوگە،وڵاتێک کە لە شارێکی هەرێمی کوردستان بچووکترە، توانی ناوی خۆی لە گەورەترین شانۆی وەرزشیی جیهاندا بنووسێتەوە.