بۆ دۆزینەوەى تەرمى روقیە

گەشتوگوزارى هەڵەبجە سووپاسنامە پێشکەشى گەنجان و دوکاندارانى زەڵم دەکات

وریا فەتاح

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە سەردانی هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی زەڵمی کرد، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە سوپاس و پێزانین بداتە ئەو گەنج و دوکاندارانەی شەو و رۆژیان خستە سەر یەک بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵە گەشتیارەکەی کەربەلا.

رۆژی 9ـی ئەم مانگە، گەشتیارێکی تەمەن 11 ساڵی خەڵکی کەربەلا لە ئاوی زەڵم خنکا، بەڵام گەنجان و خەڵکی هەورامان و هەڵەبجە شەو و رۆژ لەسەر ئاوەکە مانەوە و دوای 9 رۆژ گەڕانی بەردەوام، دواجار تەرمەکەیان دۆزیەوە.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە لە سەردانەکەیدا بە گەنجان و کاسبکارانی ناوچەکەی راگەیاند، ئەو کارەی بە درێژایی ئەو رۆژانە کردیان، کارێکی گەورەی مرۆڤدۆستانە بوو کە بێ گوێدانە جیاوازیی نەتەوەیی، ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینیشیان بەجێگەیاندووە و مایەی شانازین.