تەرمى کچە گەشتیارەکە

گومانى لە گۆمێک هەبوو؛ هەر لەوێش دۆزرایەوە

ئەمەل ناحى- هەڵەبجە

خاوەن کەپرێکى گەشتیارى لە سەیرانگاى زەڵم، چەند رۆژێک لەمەوبەر بە پەیامنێرى 964ـى وتبوو،” تەرمى کچە گەشتیارەکە لەو گۆمە دەرنەچووە کە لە باخەکەمدایە”، ئەمڕۆش تەرمەکە لەو باخە دۆزرایەوە.

پاش 9 رۆژ لە خنکانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 17.6.2026، تەرمی ئەو کچە گەشتیارە عەرەبە تەمەن 11 ساڵەیە لە سەیرانگای زەڵم دۆزرایەوە.
لەبەر ئەوەى رێڕەوى ئاوى زەڵم بەناو باخ و کەپرە گەشتیارییەکانى سنوورەکەدا تێدەپەڕیت، یوسف حەسەن، خاوەن کەپرێکی گەشتیارییە لە ناوچەکە بە 964ی وت، پێشتریش دڵنیابوو تەرمەکە لەو گۆمەی باخەکەی تێپەڕی نەکردووە کە شەش مەتر قووڵە.
بەهۆی رژانی تاڤگەکەوە، گۆمەکە کەفاوییە و کامێرای ژێرئاو هیچی تیادا نەدەبینی، بەڵام یوسف دەڵێت: “ئەمڕۆ بینیم پەلێک لەناو ئاوەکە یاری دەکات، کە چوومە پێشەوە بینیم تەرمەکەیە و دەستبەجێ تیمەکانم ئاگادار کردەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح