هۆشداریش دەداتە حکومەتی عێراق
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەت دەکات ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان رابگرێت
فەرهاد حەسەن
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، داوای لە حکومەتی فیدراڵ دەکات ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان رابگرێت و دەڵێت “هەرێم پابەندی رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان نییە”، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر بەغدا بەبێ پاکتاوکردنی دارایی و پشتبەستن بە راپۆرتەکانی چاودێری دارایی بەردەوام بێت لە ناردنی بودجە، ئەوا رووبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی توندی پەرلەمان دەبێتەوە.
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا لە پەڕەی تایبەتی فەیسبووکەکەی خۆی، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کرد کە ناردنی هەر شایستەیەکی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێت تاكو ئەو کاتەی “پاکتاوی تەواوەتی” بۆ داهاتە رادەستنەکراوەکان دەکرێت.
هۆشدارییەکی توندی دایە حکومەتی بەغدا، کە هەر هەنگاوێکی پێچەوانەی یاسای بودجە، حکومەت رووبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەکاتەوە.
بە وتەی فەیحان، حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2025 و 2026ـدا بەردەوام بووە لە ناردنی موچە بۆ هەرێم بەبێ ئەوەی داهاتە نانەوتییەکان وەربگرێتەوە، ئەمەش بە “سەرپێچییەکی روونی یاسای بودجە” ناوی برد.
ئاماژەی بەوەشدا کە هەرچەندە بڕی داهاتە نانەوتییەکان لە 391 ملیار دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 132 ملیار دیناری مانگانە، بەڵام هەرێم تەنیا 40 بۆ 50 ملیار دیناری رادەستکردوە، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە و زیان بە سامانی گشتی دەگەیەنێت.
هەفتەی رابردوو بوو کاتێک وهزارهتی دارایی و ئابوری حكومهتی ههرێمی كوردستان روونكردنهوهیهكی بڵاوكردهوه و رایگهیاند، داهاتی ناوخۆی ئەمساڵ لە نێوان 80 بۆ 180 ملیار دیناردابووە و بەگوێرەی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نیوە ئەو داهاتە رادەستی بەغدا دەكرێت.