"لە شەڕەکەی ئێران کۆنتڕۆڵکراو بووین"

عێراق کەوتووەتە خۆی و بایەخ بە بەرگری ئاسمانی و راداری نوێ دەدات

ئەحمەد مستەفا

حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە راهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ هێزە عێراقییەکان، بەڕێوەبەرێک کە پۆستەکەی هەستیارە، دەڵێ، لە شەڕەکەی ئێران، عێراق بەجۆرێک کۆنتڕۆڵکراو بووە لەلایەن ئەمریکاوە، نەیتوانیوە دابەزینی ئاسمانی ئاشکرابکات.

فەریق رەشید حلفی،بەڕێوەبەری سەنتەری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی زانیارییەکان و شارەزای ئەمنی لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ قسەی بۆ ئاژانسی فەڕمی حکومەت کردووە، وە دەڵێ، بارودۆخی ئەمنی لە عێراق ئێستا سەقامگیرە و حکومەت بایەخێکی زۆر بە بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی بە راداری نوێ دەدات.

حلفی بە ئاژانسی فەڕمی حکومەتی وتووە، بارودۆخی ئەمنی لە عێراق کۆنترۆڵکراوە و بە تەواوی سەقامگیرە، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان خاوەنی توانای پێشکەوتوون لە پێشبینیکردنی هەڕەشەکان پێش روودانیان، بە پێچەوانەی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا هەبوو، دەزگا ئەمنییەکان ئەمڕۆ تەنیا بەدوای تاواندا ناگەڕێن دوای یوودانی، بەڵکو پشت بە کاری پێشوەختە و پێشبینیکارانە دەبەستن لە چارەسەرکردنی هەڕەشەکاندا.

شەڕە نوێیەکان چیتر پشت بە تۆپباران و تانک نابەستن، بەڵکو پشت بە تەکنەلۆژیا و فەزای دەرەوە و ئاسایشی سایبری دەبەستن، حلفی وتی، هێزەکانی عێراق دەستیان کردووە بە مەشقپێکردنی سەربازاکانیان لەسەر ڕێڕەوی تەکنەلۆژیا و ئاسایشی سایبری، بەڵام عێراق هێشتا پێویستی بە ئامێر و کەرەستەی پێشکەوتوو هەیە بۆ گەیشتن بە پاشماوەکانی دوژمن و بنکەکانیان.

سەبارەت بە سنوورەکانی عێراق و سووریا، حلفی دانی بەوەدانا، بارودۆخی ئێستا بە تەواوی جیاوازە لەوەی لە کاتی هاتنی قاعیدە و پاشان داعش بۆ ناوچەی رۆژئاوا و مووسڵ هەبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە سنوورەکان کە 610کیلۆمەترن لەگەڵ سووریا، بە تەواوی لە رێگەی چەند هێڵێکی بەرگرییەوە پارێزراون کە هێزەکانی سنوور، سوپا، حەشدی شەعبی و وەزارەتی ناوخۆ لەخۆدەگرێت

سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لە دابەزینی ئاسمانیی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە بیابانی عێراق دەکەن، رەشید حلفی وتی، ئەوەی ڕوویدا ڕەنگە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی پەیوەست بە ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان بووبێت کە ئەو کاتە لەوێ بوون، ڕوونیشیکردەوە کە ئەو وێنانەی بڵاوکرانەتەوە دەربارەی هەبوونی بنکەیەکی دووەمی (ئیسرائیلی) لە عێراق دوورن لە ڕاستییەوە.

بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێ، ئیسرائیل ناتوانێت هیچ شوێنپێیەکی لە ناو عێراقدا هەبێت لەژێر هیچ ناوێکدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاسمان و ڕادارەکان لە کاتی هێرشی ئەمریکی و ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران، لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادا بوون لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، لە کاتێکدا رادارەکانی عێراق ئەو کاتە لەو ئاستەدا نەبوون کە بتوانن ئۆپەراسیۆنەکانی دابەزینی ئاسمانی ئاشکرا بکەن.