بە دێوەزمەى ترس ناسراوە
دووپشکى ئەمریکى لە کوردستان بە 700 دۆلارە
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
دووپشک، ئەو زیندەوەرە مەترسیدارەى لە کوردستان بە “دێوەزمەى ترس” ناسراوە، ئێستا وەک بابەتى جوانى و حەزى دانسقەیى، نرخێکى زۆرى لەسەرە و رەنگە رەشە ئەمریکییەکەى تا 700 دۆلار دەڕوات.
دووپشکەکە لە یەکێک لە دوکانەکانى فرۆشتنى ئاژەڵ و زیندەوەرە دەگمەنەکانى هەولێر خراوەتەڕوو کە نرخەکەى 700 دۆلارى ئەمریکییە.
بەوتەى ئەحمەد مۆفەق کە خاوەنى دوکانەکەیە،”ئەم دووپشکە رەشە ئەمریکییە لە ژینگەی کوردستاندا نییە و لە دەرەوە دەهێنرێت، ئێستا خواستێکی زۆری لەسەرە، بەتایبەت لەلایەن ئەو کەسانەی حەزیان بە بەخێوکردنی ئاژەڵی مەترسیدار هەیە، یان هونەرمەندان بۆ ناو کلیپەکانیان بەکاری دەهێنن”.
خاوەنی دوکانەکە پەردە لەسەر لایەنە ئابوورییە گرنگەکەی ئەم زیندەوەرە لادەدات و دەڵێت: “ژەهری ئەم دووپشکە یەکێکە لە گرانترین شلەکانی جیهان، بە جۆرێک یەک لیتری بە 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت و بۆ مەبەستی پزیشکی و دروستکردنی دەرمان بەکاردێت.”
جیاوازى ئەو دووپشکە رەشە لەگەڵ دووپشکى کوردستان ئەوەیە کە کێشى 100 گرامە، بەڵام دووپشکى کوردستان کێشى لە نێوان 20 بۆ 30 گرام تێناپەڕێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح