"تکایە ئەم کلتوورە خراپە ڕاگرن"
هۆشداری دەدرێت لە بڕینی دار بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ
964+
فەرهاد حەسەن
رێکخراوێکی ژینگەیی هۆشداری دەدات لە بڕینەوەی دار لە دارستان و شوێنەکان بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ و داوادەکات “ئەم کلتوورە خراپە راگرن”
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه، ئاماژە بەوەدەکات، نەورۆز جەژنی نوێبوونەوەی سروشت و رۆژی درەختە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی خۆمان، هەندێکجار دەبێتە هۆی بریندارکردنی سروشت لە رێگەی بڕینی دارەکان بۆ کردنەوەی ئاگر.
بڕینی دار چەند لێکەوتەیەکی خراپی هەیە لەوانە؛
– زۆرجار گەنجان بۆ ئاگری نەورۆز پەنا دەبەنە بەر بڕینی ئەو نەمام و درەختانە کە تازە خەریکە گەشە دەکەن، ئەمە دەبێتە هۆی لەناوبردنی نەوەی داهاتووی دارستانەکانی کوردستان، لە کاتێکدا ئێمە هەوڵی “دووبارە سەوزکردنەوە” دەدەین بۆ قەرەبووی زیانەکان.
– زیان گەیاندن بە زیندەوەران، وەرزی بەهار و کاتی نەورۆز، کاتی زیندووبوونەوەی مێرووە سوودبەخشەکان و هێلکەکردنی باڵندەکانە، بڕینی دارەکان و سووتاندنیان لە ناوچە سروشتییەکاندا، دەبێتە هۆی تێکدانی هێلانەی باڵندەکان و لەناوبردنی ئەو زیندەوەرانەی کە لەناو قەدی دارەکاندا دەژین.
ئاشکرای دەکات، بە داخەوە ساڵانە لە هەندێ ناوچەی کوردستان بە ژمارەی ساڵە کوردییەکە 2726 لقی درەخت دەبڕنەوە بەناوی (مەشخەڵی نەورۆز)، کە ئەمە زیانی بۆ ژینگە هەیە، مادام بڕیارە ساڵانە ئەم کارە دووبارە بکرێتەوە دەکرێ میکانیزمی تر بۆ ئەم کارە بدۆزرێتەوە، نەک بڕینی لقی درەختەکان بۆ ئەو کارە، کە ساڵانە بە هەزاران لق دەبڕدرێنەوە.
روونیدەکاتەوە، ساڵانە لە ئاکرێ ئەم کارە دووبارە دەکرێتەوە سەدان دار بەڕووی تەڕ کە درێژی لە نێوان 120 سانتیمەتر تاوەکو 150 سانتیمەتر بە ئەستوری یەک ئینج تاوەکو دوو ئینجە.
دەشڵێت “ئەگەر ئەم کاره لە رۆژانی ئاسایی لەلایەن هاووڵاتیەکی گوندنشین ئەنجام بدرێت، ئاخۆ هەڵوێستی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار و رێکخراوە ژینگەییەکان و میدیاکان چی دەبێت؟”.
داواش لەهەموولایەک دەکات بۆ نەورۆزی ئەمساڵ ئەم دیردەیە دووبارە نەبێتەوە و پێویستیشە هەموولایەک رێگری لەم کارە بکەن.