بەهەموو شێوەیەک

بۆ ماوەی سێ مانگ راوەماسی قەدەغە دەکرێت

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی راوەماسی بۆ وەرزی بەهاری ئەمساڵ راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ پاراستنی سامانی ماسی و وەرزی دانانی گەرا دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێم، لە سبەینێوە یەکشەممە 15.3.2026، تاوەکو 15.6.2026، راوەماسی لە سەرجەم رووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغە دەبێت.

لە رۆژی 16.6.2026ـەوە، پرۆسەی راوەماسی ئاسایی دەبێتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن بە شێوازی رێگەپێدراو راو بکەن.

راوکردن بە (کارەبا، ماددە ژەهرەوییەکان، ماددە تەقەمەنییەکان و تۆڕی کون ورد) بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، چونکە ئەم رێگەیانە دەبنە هۆی لەناوبردنی بەکۆمەڵی زیندەوەرە ئاوییەکان و زیانێکی گەورە بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنن.

ئەم بڕیارەی قەدەغەکردنی راوەماسی ساڵانە لەم وەرزەدا دەردەچێت، کە هۆکارە سەرەکییەکەی پەیوەندی بە پرۆسەی زاوزێ و دانانی گەرای ماسییەوە هەیە لەپێناو پاراستن و زیادکردنی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان.