کەرکوک و ئەنبار
حەشدی شەعبی بۆردومان کرا و 30 کوژراو و 22 برینداری لێکەوتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بەهۆی بۆردومانەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.3.2026 بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە گەڕەکی بەدر لە کەرکوک، کە بارەگای حەشدی تورکمانی بوو، بەپێی دوایین ئامار، کوژراوێک و حەوت بریندار هەیە، لە ناوچەی عوکاشاتیش لە سنووری رومادی 29 کوژراو و 15 بریندار هەن.
سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی لە کەرکوک بە 964ـی وت، بۆردومانەکە بۆ یەکێک لە بارەگاکانی فەوجی هێزی تایبەتی ئەمینداریەتیی گشتیی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، کە لە نەتەوەی تورکمان پێکهاتوون و لەلایەن ئەبوعەلی بێگ فەرماندەیی دەکرێت، بەپێی دوایین ئامار کوژراوێک هەیە بەناوی یەڵماز سەیفەدین کە لە پێکهاتەی تورکمانە و دانیشتووی گەڕەکی تسعینی شاری کەرکوکە، هەروەها حەوت چەکداری دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
وتیشی ئەمڕۆ پرسەی کوژراوەکە لە هۆڵی پرسەی حوسەینییەی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت.
هەروەها وتی، بەهۆی بۆردومانەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر لیوای 19حەشدی شعبی لە ناوچەی عوکاشات سەر بە پارێزگای رومادی، کە دەکەوێتە سنووری نێوان عێراق و سوریا، 29 چەکدار کوژراون و 15 دیکەش بریندار بوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا