تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرێکن - فۆتۆ: ئەرشیف
لیژنە پێکهێنرا
هەڵەبجە ئاگربڕ بۆ ناوچە مەترسیدارەکان دروست دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆبوونەوەیەکی فراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو، وەک هەنگاوی سەرەتا بڕیاری ئاگربڕ دراوە بۆ ناوج مەترسیدارەکان و فەرمانگەکانی شارەکەش لیژنەیەکیان پێکهێنا.
وەک قایمقامیەتی شارەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 23.2.2026، بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچە شاخاوییەکان و داڕشتنی پلانی “ئاگر بڕ” بۆ ئەمساڵ، بە سەرپەرشتی نوخشە ناسح، پارێزگار و ئامادەیی سمکۆ سالار، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە کۆبوونەوە کراوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، داڕشتنی میكانزم و پلان بووە دەربارەی شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاگربڕ، بەتایبەت لەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە، هەروەها تێپەڕاندنی کەموکوڕییەکان.
وە جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە سوود لە ئەزموونی ساڵانی رابردوو وەربگیرێت و ئەو گرفتانەی پێشتر هەبوون چارەسەر بکرێن، وە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند لە نوێنەری سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکان، وە ئەرکی ئەم لیژنەیە بەدواداچوونی مەیدانی و جێبەجێکردنی تەواوی رێوشوێنەکان دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا بۆ رێگری لە هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوە.
هاوینی ساڵی ڕابردوو، ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی کۆکۆیی 5,000 دۆنم دارستان و پاوانی کردە خۆڵەمێش، جگە لە زیانە ژینگەییەکان، دوو کەس لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا گیانیان سپارد، ئەمە بەرچاوترین روداوی ئاگرکەوتنەوە بوو لە شارەکە.