"پێشبینی دەکرێت هەرزان ببێتەوە"
تەماتە کەمێک گران بوو؛ هەر کیلۆیەک 200 دیناری چووەسەر
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لەگەڵ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانی و پێگەیشتنی تەماتەی سامەڕە، تەماتە کەمێک گران بوو و نرخی هەر کیلۆیەکی، نزیکەی 200 دیناری چووەسەر لەناو عەلوەی سەوز و میوەی سۆران.
سامان سادق فرۆشیارە لە عەلوەی سۆران، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بەهۆی پێگەیشتنی تەماتەی سامەڕە و قەدەغەکردنی هاوردەی تەماتەی ئێرانی، دوو رۆژە نرخی تەماتە بەرزبووەتەوە و نرخی هەر کیلۆیەک 150 بۆ 200 دیناری چووەتەسەر”.
“پێشتر لەناو بازاڕ هەر کیلۆیەک تەماتە بە هەزار و 250 دینار بوو، بەڵام ئێستا بە هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت”، سامان سادق وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی تەماتە لەوە زیاتر بەرزنابێتەوە و پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا هەرزان ببێتەوە.
سامان سادق دەشڵێت، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی ئێرانی لە قازانجی جوتیارانە و وادەکات بەرهەمەکانی ناوخۆ باشتر ساغ بکرێنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری