شارى وەزیران

مامۆستایەکی کفری 12 ساڵە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت؛ مۆزەخانەیەکی بۆ مێژووی شارەکەی بنیاتناوە

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

سۆران عوسمان، مامۆستای پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی کفرییە، بەڵام خولیایەکی جیاوازی هەیە؛ ئەو زیاتر لە 10 ساڵە مۆزەخانەیەکی کلتوری لە قەزاکە بەڕێوەدەبات و زۆربەی کەلوپەلەکانیشی بە “ماڵەو ماڵ” کۆکردووەتەوە.

ئەم مامۆستایە ماوەی 12 ساڵە خەریکی گەڕانە بەناو ماڵەکانی کفری و شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەرەستە کۆنانەی کە گوزارشت لە مێژوو و ناسنامەی ناوچەکە دەکەن.
“کۆکردنەوەی ئەم کەرەستانە هەوڵی 12 ساڵە، بە ماڵ بە ماڵی کفری و شارەکانی کوردستاندا گەڕاوم. دەمەوێت ئەم کەرەستە کلتورییانە نەفەوتێن، بۆیە 10 ساڵە بەخۆبەخشی ئەم مۆزەخانەیە بەڕێوەدەبەم.” سۆران عوسمان واى وت.

وەک باسى دەکات مۆزەخانەکە لە چەند بەشێکی سەرنجڕاکێش پێکهاتووە:
ژووری وەزیرەکان: تایبەتە بەو وەزیرانەی خەڵکی کفرین (کە بە شاری وەزیران ناسراوە).
ژووری پیشەگەرەکان: تایبەت بە کەسایەتی و پیشە کۆنەکانی شارەکە.
ژووری جلوبەرگ: نمایشکردنی پۆشاکە ڕەسەنە کوردەوارییەکان.
بەشی خەنەبەندان: تایبەت بە کەرەستەی ئاهەنگ و نەریتە کۆنەکانی هاوسەرگیری.

ئەم مۆزەخانەیە ئێستا بووەتە ناسنامەیەکی کلتوری بۆ قەزای کفری و سۆران بەردەوامە لە دەوڵەمەندکردنی بەو پارچە مێژووییانەی کە لە فەوتان رزگاریان دەکات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لە مۆزەخانەیەکی پاریس پەیکەری دایانا بە کراسە رەشەکەی...

لە مۆزەخانەیەکی پاریس پەیکەری دایانا بە کراسە رەشەکەیەوە نمایش کرا