چەندین كچی منداڵكار بوونەتە نێچیری ئیپستن و بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكا
سكانداڵی مێژوویی ئەمریكا
بەشی یەكەمی بەڵگەنامەكانی كەیسی جێفری ئیپستن بڵاوكرانەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دادی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکەمین کۆمەڵە بەڵگەنامەی پەیوەست بە جێفری ئیپستنی بڵاوکردەوە، كە ناوی چەندین كەسایەتی ناوداری تێدایە و بەشێكیان تێوەگلاون.
بەڵگەنامەكان وێنە، ڤیدیۆ و فایلەکانی لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرن، چاوەڕوانییەکی زۆریان لێدەکرا دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریكا یاسایەکی پەسەند کرد کە دەبێت هەموو فایلەکان تا رۆژی هەینی بە تەواوی بڵاوبکرێنەوە، بەڵام وەزارەتی داد دانی بەوەدا نا ناتوانێت هەموو بەڵگەنامەکان تا وادەی دیاریکراو بڵاوبکاتەوە.
چەندین کەسایەتی بەناوبانگ لە یەکەمین بەشی فایلەکاندا ناویان هاتووە – لەوانە بێڵ کلینتۆن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئەندرۆ مۆنتباتن-ویندزۆر (شازادە ئەندرۆ)، و هونەرمەندانی وەك میک جاگەر و مایکڵ جاکسۆن.
هاتنی ناوی هەر کەسێک یان دەرکەوتنی لە وێنەکاندا بە واتای ئەنجامدانی تاوان یان کاری نایاسایی نایەت، زۆرێک لەوانەی ناویان لەم فایلانەدا یان لە بڵاوکراوەکانی پێشووی پەیوەست بە ئێپستیندا هاتووە، هەر جۆرە تێوەگلانێکیان لە کارە نایاساییەکاندا رەتکردووەتەوە.
هێشتا چەند سەد هەزار لاپەڕەكیش بڵاونەکراونەتەوە، لە ناو ئەو بەڵگەنامانەی رۆژی هەینی بڵاوکراونەتەوە، زۆریان دەستکاری کراون (بەشێکیان رەش کراونەتەوە)، لەوانە وتەی پۆلیس، راپۆرتەکانی لێکۆڵینەوە و وێنەکان.
زیاتر لە 100 لاپەڕە لە یەکێک لە فایلەکاندا، کە پەیوەستە بە لێکۆڵینەوەیەکی “دەستەی باڵای سوێندخواردن”، بە تەواوی ڕەش کراونەتەوە.
بەرپرسان، وەک لە یاساکەدا هاتووە، ڕێگەیان پێدرابوو بەشێک لە زانیارییەکان بشارنەوە، بۆ پاراستنی ناسنامەی قوربانییەکان، یان هەر شتێک کە پەیوەندی بە لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاریی بەردەوامەوە هەبێت، بەڵام بەپێی یاسا دەبوو هۆکاری ئەو رەشکردنەوانە روون بکەنەوە، کە تا ئێستا ئەمە نەکراوە.
بەپێی وتەی وەزارەتی داد، ئەو هەزاران لاپەڕەیەی رۆژی هەینی بڵاوکراونەتەوە، تەنیا بەشێکن لەوەی کە لە داهاتوودا بڵاودەکرێتەوە.
تۆد بلانچ، جێگری داواکاری گشتی وتی، چاوەڕوان دەکرێت چەند سەد هەزار لاپەڕەی تریش لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڵاوبکرێنەوە.
ئەو بە بەرنامەی (Fox & Friends)ی راگەیاندووە کە وەزارەت بە وردی پشکنین بۆ هەر لاپەڕەیەک دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی “هەر قوربانییەک – ناوەکەی، ناسنامەکەی، چیرۆکەکەی، تا ئەو ئاستەی پێویستە بپارێزرێت – بە تەواوی پارێزراو بێت”. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە پرۆسەیەکە و کاتی دەوێت.
کاتی بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە زیادەکانی تر نادیارە، و یاسادانەرانی هەردوو پارتەکە (کۆماری و دیموکراتەکان) نیگەرانی و بێزاری خۆیان دەربڕیوە.
بێل كلینتۆن لەناو دۆسیەكاندایە
لەناو بەڵگەنامەكاندا چەند وێنەیەکی بڵاوکراوەی بێڵ کلینتۆنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای تێدایە، یەکێک لە وێنەکان لە کاتی مەلەکردندایە لە حەوزێکدا، وێنەیەکی تریش نیشانی دەدات کە لەسەر پشت راکشاوە و دەستەکانی لە پشت سەری داناوە لە ناو شتێکدا کە وەک حەوزی گەرم دەردەکەوێت.
لە نێوان ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکاندا، پێش ئەوەی ئەو سەرمایەدارە بۆ یەکەمجار دەستگیربکرێت، چەندین وێنەی کلینتۆن لەگەڵ ئێپستیندا گیراون، تا ئێستا لەلایەن رزگاربووانی دەستی دەستدرێژییەکانی ئێپستینەوە بە هیچ کارێکی خراپ تۆمەتبار نەکراوە، و خۆیشی هەر جۆرە ئاگادارییەکی لە تاوانە سێکسییەکانی ئەو ڕەتکردووەتەوە.
وتەبێژێکی کلینتۆن لێدوانی لەسەر وێنە نوێیەکان دا و وتی کە تەمەنی ئەو وێنانە دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەیەک لەمەوبەر.
ئەنجێڵ ئورێنا، وتەبێژی کلینتۆن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیویەتی: “دەتوانن هەرچەندە وێنەی لێڵ و تەمەن 20 ساڵ و زیاتریان دەوێت بڵاوی بکەنەوە، بەڵام ئەم بابەتە پەیوەندی بە بیڵ کلینتۆنەوە نییە. نە هەرگیز وا بووە، و نە هەرگیز واش دەبێت.”
هەروەها وتیشی: “لێرەدا دوو جۆر کەس هەن؛ گرووپی یەکەم هیچیان نەدەزانی و پێش ئەوەی تاوانەکانی ئێپستین ئاشکرا ببن پەیوەندییان لەگەڵی پچڕاند، گرووپی دووەم دوای ئاشکرابوونی تاوانەکانیش بەردەوام بوون لە پەیوەندی لەگەڵیدا، ئێمە لە گرووپی یەکەمداین، هیچ جۆرە کات بەفیڕۆدان و دواخستنێک لەلایەن کەسانی ناو گرووپی دووەمەوە ئەم راستییە ناگۆڕێت.”
لە کۆتاییدا ئورێنا نووسیویەتی: “هەمووان، بەتایبەتی لایەنگرانی ترەمپ، چاوەڕوانی وەڵامی راستەقینەن، نەک گەڕان بەدوای کەسانێکدا تا تاوانەکانیان بخەنە ئەستۆ بۆ پەردەپۆشکردنی کەسانی تر”.
دەوترێت ئیپستین کچێکی 14 ساڵانی بە ترەمپ ناساندووە
لە ناو ئەو کۆمەڵە فایلەی کە وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردوونەتەوە، بەڵگەنامەی دادگا هەن کە ئاماژە بە سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) دەکەن.
بەڵگەنامەکانی دادگا وردەکاری ئەوە دەخەنە ڕوو کە دەوترێت ئیپستین کچێکی تەمەن 14 ساڵانی بە ترەمپ ناساندووە لە هاوینەهەواری “مار-ئەلاگۆ” لە ویلایەتی فلۆریدا.
بەپێی بەڵگەنامەکە، لە کاتی ئەو دیدارەی کە باس دەکرێت لە ساڵانی نەوەدەکاندا روویداوە، ئێپستین بە ئەنیشک لێی داوە و “بە گاڵتەجاڕییەوە” سەبارەت بە کچەکە لێی پرسیوە: “ئەمەیان باشە، وایە؟”.
بەگوێرەی ئەو داواکارییە یاساییەی کە لە ساڵی 2020 دژی میراتەکەی ئیپستین و گیلان ماکسوێڵ تۆمارکراوە، ترەمپ زەردەخەنەی کردووە و بە نیشانەی رەزامەندی سەری لەقاندووە.
بەڵگەنامەکە دەڵێت “هەردووکیان پێکەنیون” و کچەکە هەستی بە نائارامی کردووە، بەڵام “لەو کاتەدا زۆر بچووک بووە بۆ ئەوەی لە هۆکارەکەی تێبگات”.
قوربانییەکە دەڵێت بۆ چەندین ساڵ لەلایەن ئیپستینەوە راهێنانی پێکراوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر.
لە بەڵگەنامەی دادگاکەدا، ئەو کچە هیچ تۆمەتێکی ئاراستەی ترەمپ نەکردووە، هەروەها قوربانییەکانی تری ئێپستینیش تا ئێستا هیچ تۆمەتێکیان دژی ترەمپ باس نەکردووە.
تۆڕی هەواڵی بی بی سی كە بەڵگەكانی بڵاوكردووەتەوە، پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە کردووە بۆ وەرگرتنی لێدوان، ئەم رووداوەی باس دەکرێت، یەکێکە لەو کەمترین ئاماژانەی کە بۆ سەرۆک کراوە لە ناو ئەو هەزاران فایلەی دوێنێ هەینی بڵاوکراونەتەوە.
ترەمپ لە چەند وێنەیەکدا دەبینرێت، بەڵام تێوەگلانی لەم فایلانەدا تا ئێستا زۆر کەمە.
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ هاوڕێی ئێپستین بووە، بەڵام وتی لە دەوروبەری ساڵی 2004دا پەیوەندییان پچڕاوە، واتە چەند ساڵێک پێش ئەوەی ئیپستین بۆ یەکەمجار دەستگیربکرێت. ترەمپ بەردەوام هەر جۆرە تێوەگلانێکی لە کارە نایاساییەکانی پەیوەست بە ئێپستین رەتکردووەتەوە.
جێفری ئیسپین كێیە و چی لێهات؟
بازرگان و ملیاردێرێکی ئەمریکی بووە و لە 1953 لە شاری بروکلینی ویلایەتی نیویۆرک لەدایک بووە، سەرەتای کارکردنی لە بواری دارایی لە بانکی وەبەرهێنان بێر ستیرنز دەستپێکردووە پێش ئەوەی کۆمپانیایەکی تایبەتی خۆی بەناوی J. Epstein & Co. Epstein بە پەیوەندییە بەرفراوانەکانی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی بواری دارایی و سیاسی و کولتووری ناسرابوو.
لە نیسانی 2005، بەشی پۆلیسی پاڵم بیچ لە ویلایەتی فلۆریدا لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئیپستین کردەوە، دوای ئەوەی دایک و باوکێک سكاڵایان لەسەر ئیپستین تۆمار كرد كە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر کچە 14 ساڵانەکەیان، دوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و رێوشوێنی یاسایی، ئەو كابرایە دانی بە تاوانەکەیدا نا و لە 30.6.2008 بە تۆمەتی داوای لەشفرۆشی لە منداڵێکی کەمتەمەندا سزا درا، نزیکەی 13 مانگ لە زینداندا بوو.
لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە لانیکەم 36 قوربانی هەبوون کە هەندێکیان تەمەنیان 14 ساڵە.
لە 6.7.2019 ئیپستین جارێکی دیکە بە تۆمەتی فیدراڵی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە منداڵانی خوار تەمەنی یاساییەوە لە ویلایەتی فلۆریدا و نیویۆرک دەستگیر کرایەوە. لە 10.8.2019 بە مردوویی لە ژوورەکەی خۆیدا لە زیندان دۆزرایەوە.
راپۆرتی پزیشکی دادوەری بەو ئەنجامە گەیشتوە کە مردنەکە خۆکوژی بووە بە هەڵواسینی خۆی، سەرەڕای ناڕەزایەتی پارێزەرەکەی و گومانێکی بەرفراوانی گشتی لە دەوری بارودۆخی مردنەکەی، کە بووە هۆی دروستبوونی چەندین تیۆری پیلانگێڕی بەهۆی گیانلەدەستدانییەوە، لە 29ی ئابی 2019 سەرجەم تۆمەتە تاوانکارییەکانی لەسەر هەڵوەشایەوە.
لینكی ئەو بەڵگەنامەنەی كە وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاویكردوونەتەوە