وەزارەتی بەرگریی عێراق

” کۆگاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پارێزراون”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی بەرگریی عێراق دووپاتیکردەوە کە پلانە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنەکان شەش مانگی خایاندووە بۆ ئامادەکاری، لەوانەش ھاوشێوەکردن و جێگیرکردنی سەرباز لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی تەواویان بۆ پرۆسەكە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە 10.11.2025 ئاماژەی بەوە دا، کۆگاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پارێزراون و هیچ هەڕەشەیەک نییە کە ببێتە هۆی سووتاندن یان لەناوبردنی سندوقەکانی دەنگدان.

لیوا تەحسین ئەلخەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رێنمایی مەعنەوی لە وەزارەتی بەرگری، لە لێدوانەكانیدا بۆ میدیای فەرمی عێراق وتی، “هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا پلەیەکی بەرزی دیسپلین و پیشەیی خۆیان نیشاندا، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی گشتییش هەموو لایەنە ئەمنی و تەکنیکی و هەواڵگرییەکان دەگرێتەوە، بە گرنگیدانێکی تەواو بە پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەبێ هیچ سازشێک”.

وتیشی، “هەوڵە هەواڵگری و تەکنیکییەکان بە وردی هەماهەنگ کرابوون، جێگیرکردنی سەربازەکان لەسەر بنەمای بنکەیەکی زانیاری ورد بوو بۆ دڵنیابوون لە بەرزترین ئاستی پاراستن”.

لیوا تەحسین ئەلخەفاجی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پشتڕاستکراوەتەوە کە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سووتاندن یان لەناوبردنی سندوقەکانی دەنگدان نییە، کۆگاکانیش پارێزراون، هیچ کاتێکیش لە رۆژی هەڵبژاردندا بەفیڕۆ ناچێت.

روونیشیکردەوە، “پلانەکان سەرجەم لقەکانی هێزە ئەمنییەکانیان دەگرێتەوە، لەوانەش سوپا، وەزارەتی ناوخۆ، هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، بە هاوکاری هاوبەشی نێوان دەزگاکانی سەرتاسەری پارێزگاکان”.

“پلانی ئەمنی بە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی گشتی کۆتایی نایەت، بەڵکو بەردەوامە لە دڵنیابوون لە سەلامەتی سندوقەکانی دەنگدان و شوێنی عەمبارکردن، لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکە و هێزی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی دەنگەکان، دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان، یان کاروانی سەربازی بەپێی پێویست”، ئەمەش قسەی لیوا خەفاجییە.

دووپاتیشی کردەوە کە “پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بە رێکوپێکی و دیسپلینێکی تەواوەوە بەڕێوەچوو، هەروەها هیچ سکاڵایەک سەبارەت بە پلانی ئەمنی تۆمار نەکراوە، هەموو رێکارەکانیش بەردەوام دەبن تا کۆتاییهێنان بە تەواوی و سەرکەوتووانەی پڕۆسەی هەڵبژاردن”.

سبەی 11.11.2025 هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، دوای ئەوەی دوێنێ دەنگدانی تایبەتیش بەڕێوەچوو.