ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونکردنەوە دەدات

“ئەو کەسەى حوکمى لەسێدارەدانى بۆ دەرچوو لەسەر ستایشى ئەحمەد شەرع نەبووە، بەڵکو پڕوپاگەندەى بۆ داعش کردووە”

964+

وریا فەتاح

دادگاى تاوانەکانى نەجەف، بڕیارى لەسێدارەدانى بۆ تۆمەتبارێکى خەڵکى سوریا دەرکرد، دواتر بەشێک لە میدیا و سۆشیال میدیاى عێراقى و سوریا وا بڵاویانکردەوە کە ئەو کەسە لەسەر ستایشکردنى ئەحمەد شەرع ئەو بڕیارەى بۆ دەرچووە، بەڵام ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: هۆكاری حوكمەكە پەیوەندی بە ‘سووپاسالاری سووریا’ نەبووە، بەڵكو پەیوەندی بە پڕوپاگەندە بۆ رێكخراوی تیرۆریستی داعش و سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانەوە هەبووە.

بەپێى روونکردنەوەکە، ئەو زانیارییانە راست نین کە گوایە ئەو کەسە لەسەر ستایشى سەرۆکى ئیستاى سوریا ئەو بڕیارەى بۆ دەکرابێت، چونكە باسى دەکات، حوكمی دەركراو لە دژی تۆمەتبارەكە لەسەر تاوانی دانپێدانانی ستایشكردنى، ئەبوبەکر بەغدادی بووە، هەروەها ستایشكردن و هاندانی كوشتنی ئەندامانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە ناوچەی تارمیا.

ئاشکراشى کردووە کە تۆمەتبار، وێنە و ڤیدیۆى پەیوەندیدار بەو تۆمەتانەى لە پەیجى خۆى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبارەكە داوای لە چەند كەسێك كردووە پەیوەندی بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بكەن، جگە لەوەی چەند ڤیدیۆیەكی بڵاوكردووەتەوە كە تێیدا وێنەی ئیمامی عەلی دەسووتێنێت، بە ئامانجی دروستكردنی پشێوی و فیتنە لەناو كۆمەڵگەى عێراقیدا.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ڕوونی كردەوە کە ئەم بڕیارە كۆتایی نەهاتووە و بە شێوەی خۆكار (تلقائی) لەلایەن دادگای تەمیزی ئیتیحادی وردبینی تێدا دەكرێت، لەكاتی گەیشتنی دۆسیەی سكاڵاكە بۆ دادگای تەمییز.

ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى عێراق: رۆژانە 200 حاڵەتى جیابو...

ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى عێراق: رۆژانە 200 حاڵەتى جیابوونەوە تۆمارکراوە