لە تەقتەق راهێنان دەکات

بۆرە کۆیی دەیەوێ دوکان بۆ بەغدا بە مەلەوانی ببڕێ؛ 600 کیلۆمەترە!

964+
ئەحمەد مستەفا

بۆرە کۆی مەلەوانە عەجائیبەکە، دەیەوێ ریکۆردی مەلەوانێکی ئەوروپی بشکێنی و رۆژانە لە تەقتەق و سەر زێی بچووک راهێنان دەکات، تا لە دوکانەوە بۆ بەغدا 600 کیلۆمەتر بە مەلەوانی بڕوات و ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە بۆ ریکۆردە جیهانییەکان.

کاپتن توانا نامیق کە بە مەلەوان بۆرە کۆیى ناسراوە، سەرکێشى دەکات و لەناو ئاودا نوێژ دەکات، 12 کاتژمێری بەردەوام دەتوانێت مەلەوانى بکات و تێستی کردووە نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە ئاودا دەتوانێ بڕوات و دەیەوێ ئەو رێژەیە چەند قات تێبپەڕێنی.

بۆرە، ئێستا ئامادەکای دەکات لە دوکانەوە بۆ بەغدا 600 کیلۆمەتر بە رێگەی ئاو و بە مەلەوانی بگاتە بەغدا، ئەو بە 964ـی وت، پێشتر مەلەوانێکی ئەوروپی 400 کیلۆمەتر بە مەلەوانی رێگەی بڕیوە بێ وەستان، منیش بەرنامەم وایە ئەو ریکۆردە بە 600 کیلۆمەتر ببڕم، بۆ ئەو کارەش یەکێتی ناوەندی یارییە ئاوییەکانم ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام مافی مرۆڤ بە کارەکەم رازی نین.

دەربارەی بیانووەکەی دەستەی مافی مرۆڤی عێراق، ئەو وتی، خوارووی ناوچەی دوبس مەترسی چەکدارانی داعشی هەیە، بۆیە تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان رەزامەندیان نەداوە، ئەویش بڕیاری وایە چاوەڕێ بکات، تا رەزامەندی دەدرێ و ئەو مەترسییە لەسەر سەرکێشییەکەی لای دەدرێ و بۆ ئەوەش مانگی 11ـی ئەمساڵی وەک دوا وادە دیاری کردووە.

بۆ سەرکێشییەکەی بۆرە، بڕیارە نوێنەرانی کتێبی ریکۆردە جیهانییەکان “گینس” و یەکێتی ناوەندی یارییە ئاوییەکان ئامادەبن و دوو بەلەم هاوڕێیەتی سەرکێشییەکەی بۆرە کۆیی بکەن، وە بەلەمێکی دیکەش بە هاوڕێیەتی دکتۆرێک لەگەڵ بۆرە کۆیی دەبن بۆ حاڵەتی نەخوازراو، بەتایبەت ئەگەری دابەزینی شەکرەی خوێن لەکاتی مەلەوانیدا.

بۆرە لەبارەی دڵنیایی و متمانەی بۆ سەرکێشیەکەی دەڵێ، من دڵنیام دەتوانم ئەو مەسافەیە “600 کیلۆمەتر” ببڕم، پێشتر لە بەنداوی دوکان، تا کانی بی و تا تەقتەق و دواتر تا ئاوی پردێ رۆشتووم بە مەلەوانی، کە نزیکەی 100 کیلۆمەتر ماوەکەیەتی و ئێستا بۆ ئەم ریکۆرد شکاندنە هەر سێ بۆ چوار رۆژم دەوێت و دەگەم.

ئەگەر بۆرە کۆیی، بتوانێ ئەو ریکۆردە بشکێنی وە نوێنەرانی کتێبی گینس، کارەکەی بە سەرکەوتوو دابنێن، ئەوا کاندید دەکرێ بۆ پێدانی یەک ملیۆن دۆلار، وە دەتوانێ وڵاتینامەی بەریتانیا بەدەست بهێنێت.

سەدان کەسى لە خنکان رزگار کردووە و 12 کاتژمێر دەتوانێت م...

سەدان کەسى لە خنکان رزگار کردووە و 12 کاتژمێر دەتوانێت مەلەوانى بکات