ئاگرێک نەبووە لەوێ نەبێ
پاڵەوانی خامۆشکردنی ئاگر لە پێنجوێن؛ کوڕە جوتیارە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
زیاتر لە 40 کاتژمێری لە ناو ئاگرێکی بڵێسەدار و بەهێزدا بەڕێکرد، بۆ پاراستنی ژینگە و ئامادەنەبوو جێیبهێڵێت تا ئەو کاتەی کوژایەوە، ئەوە چیرۆکی یەکێک لەو خۆبەخشانەیە لە ئاگرەکەی 28.8.2025ی پێنجوێن بەشداریکرد و رۆڵی کاریگەری هەبوو لە خامۆشکردنی.
بەختیار عەلی گەنجێکی چالاکی پێنجوێنە و ژینگەپارێزە، ماوەی 15 ساڵە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرە لە پێنجوێن و ناوچەکانی دەورووبەری.
ئەو لە بەرهەمێکی رۆژنامەوانی 964 بەشداریکرد و وتی، ماوەی 15 ساڵە لەگەڵ هاوپیشە دڵسۆزەکانی ئاگرکوژاندنەوە و پاراستنی سروشتیان کردووە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان و بەردەوامیش دەبن لەو کارەیان.
بەختیار تەمەنی 31 ساڵە، لە رێکخراوی ملەکەوە بۆ پاراستنی ژینگە بۆ یەکەمجار ئامێری هەوایان بۆ کوژاندنەوەی ئاگر بەکارهێناوە کە ناویان ناوە گڕکپ و بەو ئامێرە رووبەڕووی ئاگر دەبنەوە، یەکەم رێکخراویش بوون کە ئەو ئامێرەیان بەکارهێنابێت بۆ کوژانەوەی ئاگر.
لە ئەسڵدا ئەو ئامێرە خۆی بۆ کۆکردنەوەی گەڵا و پاکردنەوەی شەقامەکان بەکاردێت، بەختیار لە کۆتا ئاگری پێنجوێن ماوەی 43 کاتژمێر لەناو ئاگرەکەدا بووە و هەرچەندە بەهۆی ماندووییەوە بڕیستی لێبڕابوو، بەڵام رەتی کردووەتەوە بگەڕێتە ماڵەوە و پشوو وەربگرێت ئەو وتی، لە ماوەی ئەو 15 ساڵەشدا کە ئاگری کوژاندوەتەوە ئاگری وا بەهێزی نەبینووە.
بەختیار کوڕە جوتیارێکە و خۆشی سەرقاڵی کاری جوتیارە لە پێنجوێن، ئەو رۆژانەی ئاگر نەبێ دڵی لای زەرعاتەکەیانە و دێت و دەچی، بە 964ی وت، لە هاویندا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە لە پێنجوێن، وەک تەماتە، کولەکە، کاڵەک و شوتی، ژینگەیەکی سەلامەتیشی بەستەوە بە هەبوونی کشتوکاڵ و ژیان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا