"تا بەڵێنی تەواوەتیان پێنەدرێت چۆڵی ناکەم"

باوکێک 17 رۆژە لەبەر کچەکانی لەناو خێمەدا دەمێنێتەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

باوکێک خاوەنی سێ کچە لە دەرچوانی کۆلێژەکانی خانەقین، ماوەی 17 رۆژە لەگەڵ یەکێک لە کچەکانی دەچێتە ناو مانگرتنی خوێندکارە دەرچوەکان و دەڵێت، تا گرفتەکەیان چارەسەر نەکرێت، لەگەڵیان دەمێنێتەوە.

ئەیوب حەسەن بە 964ى وت، “دوو لە کچەکانم چوار ساڵە خوێندنیان تەواو کردووە، کچەکەیتریشم پار تەواوی کردووە و لە یەکەمەکانە، رۆژانە پێکەوە دێینە خێمەی مانگرتوان، دوو لە کچەکانم زەواجیان کردووە و ناتوانن بێنە ئێرە، من لەجیاتی ئەوان لەگەڵ ئەم کچەم دێمە ئێرە بۆ داواکردنی مافەکانیان”.

دەشڵێت، “لەپێناو منداڵەکانم دێمە ئێرە و داوای مافی خۆمان دەکەین، تا ئەوکاتەی بەڵێنی تەواویان پێنەدرێت، ئامادەنیم ئەم خێمەیە چۆڵ بکەم”.

دەرچوانی سێ کۆلێژ لە خانەقین کە سەر بە زانکۆی گەرمیانە، ماوەی 17 رۆژە خێمەیان ھەڵداوە و داوای دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان دەکەن لەلایەن حکومەتی عێراق، بۆئەوەی بێبەش نەبن لە دامەزراندنەکانی عێراق.

پێداچوونەوە؛ توانا نەقی