"رزقی 250 عایلە لەسەر ئەم کەپرانەیە"

عەریزەنووسەکانی بەردەم هاتوچۆی کەرکوک دژی لابردنی کەپرەکانیان گردبوونەوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

عەریزەنووسەکانی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کەرکوک دژی لابردنی کەپرەکانیان گردبوونەوە کە ژمارەیان 28 کەسە و وەک خۆیان دەڵێن، ساڵانە پارەی باج و کرێش دەدەن بە حکومەت و هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆی بڕۆن.

هونەر عادل یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “پێشتر کەرەڤانەمان هەبوو و ساڵانەش پارەمان دەدا بە حکومەت، دواتر بە بڕیاری هاتۆچۆ پێیانگۆڕین بە دوکان، دوای یەک ساڵ و نیو ئەوانیشیان رووخاند و پێیانوتین دەبێ بڕۆنە دەرەوەی سنووری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و دووبارە کەرەڤانەمان کڕی و داماننایەوە، دوای سێ بۆ چوار مانگ هاتنەوە ئەوانیشیان رووخاند و زیندانیشیان کردین، لەکاتێکدا هەموومان مۆڵەتمان هەبوو”.

وتیشی، “دوای ئەو رووداوانە بەڕێوەبەری هاتوچۆ خۆی هات و خەتێکی کێشا و وتی، لەم خەتە ئەمدیو مەکەون، ئێمەیش بەقسەمان کرد و کەپرمان دانا، ئێستا دیسان هاتوونەتەوە و بیانوومان پێدەگرن و دەڵێن، دەبێ لێرە نەمێنن”.

محەمەد عەلی یەکێکی دیکە لە عەریزەنووسەکان وتی، “رزقی 250 عایلە لەسەر ئەم کەپرانەیە، بەڵام ئەمڕۆ هاتوون بە شەق و شێوازێکی خراپ هەموویان لابردووە و دەڵێن، دەبێ لێرە بڕۆن و بچنە ناوشار، کێ بۆ عەریزەیەک دەگاتە ناوشار و دەگەڕێتەوە ئێرە؟”.

هاوکات هاوڵاتییەک بەناوی بێستون وەهاب کە ئەمڕۆ کاری ناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کەرکوکی هەبووە بە 964ـی وت، “لە کاتژمێر 8ـی بەیانییەوە یەکەم کەس بووم چوومە ژوورەوە، پێیانوتم بڕۆ عەریزە بنووسە، لە ژوورەوە خۆیان ناینووسن و لەدەرەوەش رێگە نادەن کار بکەن، ئێستا من حەلم چییە”.

سەبارەت بەو بابەتە 964 چەند جارێک پەیوەندی بە بەڕێوەبەر و بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی کەرکوکەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

ماتۆڕسوارە دلیڤەرییەکانی کەرکوک گردبوونەوە

ماتۆڕسوارە دلیڤەرییەکانی کەرکوک گردبوونەوە