"من قاتەکەم گۆڕی بەڵام تۆ نەتگۆڕیوە"
زیلینسکی تۆڵەی لەو رۆژنامەنووسە کردەوە کە جاری پێشوو خستییە مەوقیفەوە
شۆڕش قادری
ئەمجارە ڤلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەقاتێکی سپۆرتەوە خۆی بە کۆشکی سپیدا کرد و تۆڵەی خۆیشی لەو رۆژنامەنووسە کردەوە کە جاری پێشوو خستییە مەوقیفەوە و پێی وت، بۆچی قاتت لەبەر نەکردووە.
رۆژی 28.2.2025 زیلینسکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و لەو کاتەدا رۆژنامەنووسێکی لێ قوت بووە و پێی وت، بۆچی قاتت لەبەر نەکردووە لەکاتێکدا لەگەڵ کەسێک دانیشتووی کە باڵاترین پۆستی هەیە لەم وڵاتەدا، ئەوەش بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان کێشەیە کە تۆ لەم ژوورە دانیشتووی و قاتت لەبەر نییە.
ئەوکات زیلینسکی وتی، “من قات لەبەر ئەکەم دوای ئەوەی ئەم شەڕە کۆتایی هات، رەنگە شتێک وەکوو ئەوەی تۆ لەبەر بکەم، رەنگە باشتریش بێ یان نازانم، دەیبینین، لەوانەیە هەرزانتریش بێت”.
ئەمڕۆش جارێکی تر هەمان رۆژنامەنووس ویستی پرسیاری لێبکات، بەڵام زیلینسکی قسەکەی پێبڕی و وتی، “دەبینی من جلەکانم گۆڕیوە، بەڵام تۆ هەمان قاتت لەبەردایە”.