عەبدولڕەزاق بۆتانی گیانی سپارد
“هەر هونەرمەندێک كۆچی دوایی بكات كەلێنێک جێدەهێڵێت”
964+
دەشتی عارف – هەولێر
هونەرمەندی بواری دراما و فیلم عەبدلڕەزاق بۆتانی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا و هونەرمەندێكیش دەڵێت، هەر هونەرمەندێك كۆچی دوایی بكات كەلێنێک جێدەهێڵێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ 10.8.2025 هونەرمەندی بواری دراما و فیلم عەبدلڕەزاق بۆتانی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لەدەست دا.
پەیامنێری 964 لە مزگەوتی شاری زەیتون و لە كاتی شۆردنی تەرمەكەی ئامادەبوو، كە ژمارەیەك هونەرمەند لەوێ ئامادەبوون.
زانا رۆشان، هونەرمەندێكی گەنجی هەولێرە و چەندین كاری لەگەڵ مام قیچۆ كردووە، ئەو رایگەیاند، لەم دواییانە تەندروستی هونەرمەند مام قیچۆ باش بوو، بەردەوام بەخۆی گۆچانەكەی دەستی دەهاتەدەرەوە و دەجولا، بەڵام ئیتر قەدەری وابوو، تەمەنیش لە دەست خوایە.
وتیشی، شانازیی دەكات دواكاری لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بووە.
عەبدولڕەزاق بۆتانی لە تەمەنی 69 ساڵی و دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، كە لەم رۆژانەی دوایی لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو، ئەمڕۆ گیانی سپارد.
مام قیچۆ بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە دراما و فیلم و كاری هونەریی كردووە و هونەرێكی جوانی پێشكەش دەكرد.
پێداچوونەو: ئەرسەلان عەبدوڵا