218 کەس گیانیان لەدەستدا
ئەو رۆژەی لە بەیروت قیامەت هەڵسا
964+
مستەفا نەهرۆ
پێنج ساڵ لەمەوبەر و بەدیاریکراوی رۆژی 4ی ئابی 2020 ئاگر لە کۆگایەکی بەندەری بەیروت کەوتەوە، بەڵام زوو ئاگرەکە بڵێسەی سەند، بووە تەقینەوەیەکی تۆقێنەر، دواتر دەرکەوت ئەمە تەقینەوەی نزیکەی سێ تۆن لە نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە کە حەوت ساڵە بە نایاسایی لەو کۆگایە هەڵگیراوە.
لە دووری چەند کیلۆمەترێکەوە دیمەنی تەقینەوەکە دەبینرا، شەپۆلەکەی لایەک لە بەیروتی وێران کرد، کەس تێنەدەگەیشت روویداوە، بەڵام دیمەنەکان بەشێوەیەک بوون وەک ئەوەى قیامەت هەستابێت.
نیتراتی ئەمۆنیۆم، ئەم مادەیە بۆ دروستکردنی پەینی کیمیایی و تەقەمەنی بەکاردەهێندرێت، دواتر دەسەڵاتدارانی لوبنان وتیان بە شێوەیەکی گوماناوی بێ باکانە لەو کۆگایەدا هێڵدراوەتەوە.
لە رووداوەکە 218 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە حەوت هەزار کەسیش برینداربوون، نزیکەی 300 هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون و ئاوارەبوون.
تەقینەوە گەورەکەی بەیروت خەڵکی ئەو وڵاتەی هێنایە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی گەندەڵی دەسەڵاتداران دەوتەوە، تەقینەوەیەک کە دواتر زۆر شتی لە چارەنووسی لوبنان گۆڕی و ئابورییەکەى توشى قەیرانێکى گەورە کرد.