کێڵگەیەکى نەوتى عێراق وێنە: X
لە مانگی ئەیلول
رێکخراوی ئۆپیک رێگە بە عێراق دەدات نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنێت
ژووری هەواڵ
رێکخراوى ئۆپێک پڵەس، بڕیاریدا لە مانگى ئەیلول بەبڕى 547 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانى نەوت لە رۆژێکدا زیاد بکات، عێراقیش لە بڕیارەکە سوودمەند دەبێت.
هەشت ئەندامی سەرەکیی ئۆپیک پڵەس کە ئەوانیش سعودیە، رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عومانن لە کۆبوونەوەیەکى ئۆنلایندا بڕیارى زیادکردنەکەیانداوە و لە مانگى ئەیلول جێبەجێدەکرێت.
بەرهەمهێنانى نەوتى عێراق لە مانگى ئابدا، رۆژانەى چوار ملیۆن و 171 هەزار بەرمیل نەوت بووەو دەبێتە چوار ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل، واتا تەنیا لە مانگى ئەیلول 49 هەزار بەرمیل بەرهەمى نەوتى زیاد دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە عێراق، لە مانگى تەمموزى رابردوودا رۆژانە چوار ملیۆن و 122 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێناوە.
هەروەها بەرهەمى رۆژانەى نەوتى سعودیە کە لەمانگى ئاب نۆ ملیۆن و 756 هەزار بوو، لە مانگى ئەیلول تاوەکو نۆ ملیۆن و 978 هەزار بەرمیل زیاد دەکات.
هاوکات رووسیا کە بەرهەمى رۆژانەى نەوتى لە مانگى ئاب نۆ ملیۆن و 334 هەزار بوو، لەمانگى ئەیلول بۆ نۆ ملیۆن 449 هەزار بەرمیل زیاد دەکات.