عێراق مووچە دەدات بە کەسانی هەژار
964+
توانا نەقی
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق مووچە بۆ چەندین توێژ وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبڕێتەوە.
بە پێی بڕیارەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 20.2.2023 لە رێگەی بڵاوکردنەوەی فۆڕمەوە ئەو کەسانەی کە مووچەکە دەیانگرێتەوە دەتوانن بە ئۆنلاین فۆڕمەکە پڕبکەنەوە.
مووچەکە چەند کەسانێک دەگرێتەوە لەوانە، ئافرەتی جیابووەوە، بێوەژن، هەتیوو واتە هەر مندڵێک کە دایک و باوکی مردووە یان باوکی مردبێت و دایکی هاوسەرگیری کردبێتەوە، تاقانە یان کچێک تەمەنی گەیشتبێتە سەرووی 35 ساڵ و شووی نەکردبێت.
هەروەها، بنەماڵەی زیندانیکرا و ئەگەر ماوەی زیندانییەکە لەساڵێک زیاتر بوو، پاشان ژنێک کە مێردەکەی بێسەروشوێنە دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند، بڕیارەکە تەنیا بۆ حکومەتی عێراقە و بڕینەوەی ئەو مووچەیە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە
تۆڕی 964 دەزانێت، دەبێت وەک بەڵگەنامە، شایەت و بڕیاری دادگا و وەفاتنامەی دایک و باوک و چەند بەڵگەیەکی دیکە هەبێت لەلایەن داواکارەوە، ئەوکاتە وەزارەتی کاری عێراق بڕیار دەدات ئەو کەسە مووچەکە دەیگرێتەوە یان نا.