دوو کەسیش بریندارن

بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا؛ شۆفێرێک گیانی لەدەستدا

شۆڕش قادری

لەسەر رێگای نێوان کۆیە – هەولێر بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێک پێکیاندادا و بەهۆیەوە شۆفێرێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە، لەسەر رێگای نێوان کۆیە – هەولێر و بەدیاریکراوی لەسەر رێگای سماقوڵی، رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت روویداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە دەرئەنجامی رووداوەکە، شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گیانی لەدەستداوە و دوو سەرنشینی هەمان ئۆتۆمبێلیش برینداربوون.

هاتوچۆی کۆیە داوا لە شۆفێران دەکات، پابەندی هێماکانی شەقام و رێنماییەکانی هاتوچۆ بن بۆ ئەوەی دووربن لە کارەساتی لەو شێوەیە.