عه‌بدولقادر حوسێن دوو یاری دیكه‌ش راهێنه‌ری هه‌ولێره
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
یانه‌ی هه‌ولێر بڕیاریداوه له یاری سبه‌ی و هه‌روه‌ها یاریی داهاتووی تیپه‌كه‌ی له خولی عێراق، عه‌بدولقادر حوسێن هه‌ر راهێنه‌ری تیپه‌كه بێت.
سبه‌ی له خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، یانه‌ی هه‌ولێر له یاریگای خۆیدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی نه‌ورۆز یاری ده‌كات.
یانه‌ی هه‌ولێر له دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی غازی فه‌هد، له رۆژی 6ی ئه‌م مانگه‌وه بێ راهێنه‌ره، له یاری رابردووش به‌رامبه‌ر یانه‌ی زاخۆ، عه‌بدولقادر حوسێن سه‌رپه‌رشتیی تیپه‌كه ده‌كات وه‌ك راهێنه‌ری كاتی.
عه‌بدولقادر حوسێن پێشتر یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر بوو، كه یه‌كێكه له راهێنه‌ره ناسراوه‌كانی كوردستان.
ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر به تۆڕی 964ی وت، له یاری سبه‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌ی نه‌ورۆز و له یاری داهاتووشدا به‌رامبه‌ر یانه‌ی نه‌جه‌ف، كه دوا یاری قۆناغی یه‌كه‌مه، هه‌ر عه‌بدولقادر حوسێن راهێنه‌ری تیپه‌كه ده‌بێت”.
وتیشی، ده‌سته‌ی كارگێڕی بڕیاریانداوه تا كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌م له بابه‌تی ده‌ستنیشانكردنی راهێنه‌ری نوێ چاوه‌ڕێ بكه‌ن.
یانه‌ی هه‌ولێر دوای ته‌نیا دوو یاری یه‌كه‌می ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی عێراق، ده‌ستبه‌رداری راهێنه‌ر نزار مه‌حرووس بوو، دواتر غازی فه‌هد تیپه‌كه‌ی وه‌رگرت، ئه‌ویش 6ی ئه‌م مانگه تیپه‌كه‌ی جێهێشت.
یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه له بارودۆخێكی خراپدایه له خولی عێراق و ئێستا له پله‌ی 16یه به 14 خاڵ.