لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە
قەرەباڵغییەکى زۆر دروستبوو؛ رێگاى هەولێر بۆ کەرکوک داخرا
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
جارێکى تر لایەنگرانى بەرەى تورکمانى لە پردێ گردبوونەوە و رێگاى هەولێر بۆ کەرکوکیان داخست. لیژنەیەکیش لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک پێکهێنرا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
رۆژى یەکى ئەم مانگە، لایەنگرانى بەرەى تورکمانى لە پردێ گردبوونەوە و بۆ ماوەى کاتژمێرێک رێگاى کەرکوک بۆ هەولێریان داخست، ئەوان بۆ وەرگرتنى یەکێک لە پۆستەکانى (بەڕێوەبەرى ناحیە، شارەوانى یان پۆلیس)، گردبوونەتەوە.
ئەمڕۆش، جارێکى تر گردبوونەوە و بۆ هەمان داوا رێگاى کەرکوک بۆ هەولێریان داخستووە.
فەوزی عەلی یەکێک لە حۆپیشاندەرەکان بە 964ـی وت،” داوای یەکێک لەو سێ پۆستە دەکەین بدرێت بە تورکمان چونکە مافی خۆمان ، بەو پێیەی ئێمە “زۆرینەین” لە پردێ”.
بە وتەى ئەتیلا عەدنان کە یەکێکە لە خۆپیشاندەرانى لایەنگرى بەرەى تورکمان کە بۆ 964 قسەى کردووە،”رێگاى کەرکوک بۆ هەولێر ناکەنەوە تا وەڵامى داواکارییەکانیان نەدرێتەوە”.
بەپێى زانیارییەکانى 964 کە لە یەکێک لە ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەستى کەوتووە،” لیژنەیەکى هەشت کەسى لە ئەندامانى کورد و عەرە و تورکمان و کریستیان پێکهاتووە و پێداچوونەوە بە دابەشکردنى بۆستە ئیدارییەکانى شارەکە دەکەن و لەماوەى مانگێکدا چارەسەرێک دەخەنەڕوو”.
ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ و نوێنەری بەری تورکمانی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند،” ئەوەی تاکی تورکمان دەیکات مافی رەوای خۆیەتی هاوشێوەی هاوڵاتیانی باشور و ناوڕاستی عیراق، ئیدارەی کەرکوک لەچارەسەرکردنی کێشەکان سستە و پێویستە سەرۆک وەزیران بەزوترین کات بێتە دەنگ پێش ئەوەی ئاشتی و برایەتی نێوان نەتەوەکان تێک بچێت و کارلەکاربترازێت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح