هەفتەیەکە خەریکن

لەبەشی سەرەوە رێگەیەکی دیکە بۆ چوونە هەواری شار دروست دەکرێ


ئەحمەد مستەفا

لە بەشی سەرەوەی پارکی هەواری شار، ژمارەیەک دەروازە هەن بۆ داخڵبوون بە پارکەکە، لە یەکێک لەو دەروازانە رێگایەکی نوێ بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان دروست دەکرێ.

شارەوانی سلێمانی بەخۆی و ئامێر و کارمەندەکانی سەرقاڵی دروستکردنی رێگاکەن، هەواری شار تائێستا یەک دەروازەی سەرەکی هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە 24.6.2026، زەردەشت تۆفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ی وت، هەفتەیەکە تیمەکانیان سەرقاڵی دروستکردنی رێگاکەن، و رێگاکەش دەکەوێتە بەشی سەرەوەی پارکەکە،کاری رێگاکەش پاکسازی، چەو رێژکردن و قیرتاوکردن پێک دێت.

جگە لەوەی لە هەندێک شوێن زێرابی لوولەیی دروست دەکرێ، هەندێک شوێنی رێگاکەش پێویستی بە پڕکردنەوە یان بڕین هەیە، کارمەندانی بەشی پڕۆژەکان و ئامێرەکانی شارەوانی سلێمانی ئەرکدار کراون بە تەواوکردنی.

پاركی هەواری شار، لەسەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی، جگە لەوەی رووبەرێکی زۆری پارکەکە سەوزاییە، ناوچەکە بەرز و نزمی زۆری تێدایە و خاوەن چەندین سەرچاوەی ئاوی وەرزییە.

پارکەکە سەرەڕای ئەوەی بە دووەم گەورەترین پارک دادەنرێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە 3000 جۆر نەمام و گوڵی تێدا چێندراوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی بە سیستەمی ئەلیكترۆنی رێكخراون، ساڵانە دەیان هەزار گەشتیاری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری رووی لێ دەکەن.