لە سنوورى خورماتوو و ئامرلى

کردنەوەى کارگەیەکى نوێى غاز کێشەى ماڵانى چارەسەرکرد

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لەسنوری قەزای ئامرلی لەسەر رێگای گشتی کەرکوک- بەغدا کارگەی غازی حەمرین کرایەوەو رۆژانە 1500بوتڵی غازی ماڵان بەرهەم دەهێنێت و چیتر کێشەی قەیرانی غاز لەسنووری خورماتوو و دەوروبەری دروست نابێت.

مەیسەم نوری، قایممقامی ئامرلی بە964ـی وت، “لەپێناو گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتری غاز بەهاوڵاتیان، پاش هەوڵدانێکی زۆر، ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی غازی سەڵاحەدین و یەکەی دابەشکردن، هەستاین بەکردنەوەی کارگەی غازی حەمرین لەسنوورەکە کە هەر یەک لەقەزاکانی خورماتوو و ئامرلی و دەروبەری لێی سودمەند دەبن”.

” بەکردنەوەی ئەم کارگەیە، لەئێستادا لەسنووری خورماتوو – ئامرلی، سێ کارگەی غاز هەیە”، مەیسەم نورى واى وت.

ئەم کارگەیەی ئەمڕۆ کراوەتەوە لەتوانایدایە رۆژانە نزیکەی 1500 بوتڵی ماڵان بەرهەم بهێنێت، وەک ئەوەى قائیمقامى ئامرلى باسى دەکات، پێشتر ئەگەر کێشەیەکی تەکنیکی لەکارگەکانی غازی خورماتوو هەبوایە راستەوخۆ قەیرانی غاز دروست دەبوو، بەڵام بەکردنەوەی ئەم کارگە نوێیە چیتر قەیرانی غاز لەسنوورەکە دروست نابێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح